چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - د.خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدوداچوون ڕایگەیاند: لە ئاییندەیەکى نزیکدا لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرانتێکی نوێ بۆ توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیهندرێت.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.خەتاب شێخانى لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکدا هات، کە بەنوێنەرایەتى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان له زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەشی کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ، بە چاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بە ئامادەبوونى ڕاوێژکارانى وەزیر و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و بەڕێوەبەرى خوێندنى تایبەت لە وەزارەت و ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ لە هۆڵى (کۆنفرانسەکانى زانکۆ) بەڕێوەچوو، بە ساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد، پاشان چەند وتەیەک پێشکەش کران.
لەو چوارچێوەیەدا، د.خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدوداچوون وتارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەش کرد و وتى: به ناوی وەزیرەوە سوپاس و پیرۆزبایی ئاڕاستەی زانکۆی جیهان-هەولێر دهکەین کە توانیویانە بۆ ساڵێکی تریش بەردەوامی بەم کۆنفرانسە بدەن و ئەوا ئیمڕۆش چوارەمین کۆنفرانسی (بایۆلۆجی و زانستە تەندروستییەکان) لەسەرئاستی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن. بۆیە دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە دەکەین، بە تایبەت سەرۆکی زانکۆ و تیمی سەرپەرشتیار و ئامادەکاری کۆنفرانسەکە کە هەوڵی زۆریانداوە بۆ ئەوەی ئیمڕۆ هەموومان لەم کەرنەڤاڵە زانستی و ئەکادیمییەدا کۆبکەنەوە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، بەگرنگیەوە باسى لە گرنگى ڕێکخستى ئەو جۆرە کۆنفرانسانە کرد و، ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە گرنگیەوە دەڕوانێتە ئەنجامدانی کۆنفڕانسە زانستییەکانی زانکۆکانمان، بەهۆی ئەوەی کە ئەرکی زانکۆ جگە لە پێگەیاندنی پسپۆر و کادیری پیشەیی بۆ بازاڕی کاری ھەرێمی کوردستان، ئەرکی دووەمی بریتییە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، بێگومان ڕێکخستنی ئەم جۆرە کۆنفڕانسانە زەمینەسازی و دەرفەت دروست دەکات بۆ ئەوەی توێژەرانی زانکۆکانمان هاوشانی توێژەرە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی بەرهەم و ئەنجامی توێژینەوەکانیانەوە دەست بخەنە سەر کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و ڕێگەمان نیشان بدەن بۆ چۆنییەتی چارەسەر و ڕووبەڕوو بوونەوەیان، ھاوکات ئەم جۆرە کۆنفڕانسانە دەبێتە ھۆی لە یەکتر نزیکبوونەوەی ئەکادیمیستان و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونیان لەسەر بابەتە زانستیەکان و ھاوبەشیکردنی یەکتر لە پڕۆژەکانیان.
پەیوەست بە توێژینەوەى زانستى و کارنامەى وەزارەت بۆ گرنگیدان بەئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى د.خەتاب ئەحمەد شێخانى وتى: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ماوەی ڕابردوو لە پێناو پێشخستنی سێکتەری خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەندین پرۆژە و ئەرکی گەورەی ئەنجامداوە، دووان لە نموونە دیارەکانی ئەم پرۆژانە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر توێژینەوەی زانستی هەبوو بریتیبوون لە (ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان) کە بووە هۆی دروستبوون و هێنانەکایەی کلتووری کێبڕکێی زانستی و گرینگیدان بە توێژینەوەی زانستی، هەروەها دامەزراندنی (ئەنجوومەنی نیشتیمانی توێژینەوەی زانستی لە کوردستان) بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی ستراتیژ و نەخشەڕێگای توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ، ئەم ئەنجوومەنە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو گرانتی تایبەتی هەبوو بۆ توێژینەوەی زانستی، لە ئێستاشدا جارێکی تر لەسەر فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (د.ئارام محمد قادر) سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی گرانتێکی نوێ بۆ توێژینەوەی زانستی ڕابگەیەنێت، هەوڵ دهدرێت لە نزیکترین دەرفەتدا ئەم گرانتە لەلایەن وەزیرەوە ڕابگەیەنرێت.
لە کۆتایى وتارەکەشیدا، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ستایشى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و ڕایگەیاند: "جێیى خۆیەتى لێرەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بکەین، کە لەم چەند ساڵەی دوواییدا ڕۆڵی کارای هەبووە لە بواری توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەک لەلامان ڕوونە کە ئەم زانکۆیە چەندین کۆنفرانسی زانستی لەبوارە جیاجیاکاندا ئەنجام داوە و چەندین توێژینەوەی زانستی لەگۆڤارە جیهانییە ئاست بەرزەکاندا بڵاوکردۆتەوە، تا ئەو ڕاددەیەی کە یەکێک لە توێژەرە دیارەکانی سەر ئاستی عێراق و جیهان لەم زانکۆیەدا بوو، ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە ئەم زانکۆیە لەچەندین بوار و ڕووی ترەوە لە زانکۆ پێشەنگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە، بۆیە سوپاس و دەستخۆشی تایبەتمان ئاڕاستەی سەرۆکی زانکۆ و ئەنجوومەنی زانکۆ و مامۆستایان و ستافی کارگێڕی ئەم زانکۆیە دەکەین و هیوادارین هەروەک چۆن لە ڕابردوو کار و پرۆژەی گەورەیان ئەنجام داوە، لە داهاتووشدا بەردەوام بن لە بەرەوپێشچوون و ئەنجامدانی کاری زانستی زیاتر.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەریەک لە پ.د.ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پ.د. نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان وتاریان پێشکەشکرد.
لە ماوەى دوو ڕۆژى چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر (55) توێژینەوەیان لە زانکۆکانى وڵاتانى (بەریتانیا، پۆڵهندا، ئوردون، تورکیا، سعودیە، هند، نایجیریا، میسر، پاکستان، ئێران، سووریا و، یەمەن، عێراق و هەرێمى کوردستان) پەسەندکران و وەرگیران، کە (19)یان نێودەوڵەتین، لەهەماندا کاتدا (36) توێژینەوەیان لە زانکۆکانى کوردستان و عێراق پەسندکران، سەربارى ئەوەش پێنچ قسەکەری سەرەکى Keynote Speaker لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، پۆڵهندا و، سوید، بەریتانیاوە هاتوون کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبن.