Skip to the content

کۆنفرانسی مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژى پێنجشەممە، ۳۱ی ئاداری ۲۰۲۲، ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسی مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زانکۆی سۆران بەڕێوە چوو. لەسەر ئاستی میوانانی دەرەوە هەریەک لە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر، سەرۆکی نووسینگەی کەنەدا لە هەولێر، بەرپرسی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق - یۆنامی؛ لە سەر ئاستی میوانانی ناوخۆش هەریەک لە د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەرپرسی نووسینگەی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، د. ئەمیر عبدالرحمان ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەیان میوانی دیکە ئامادەبوون. 
 
کۆنفڕانسەکە هاوشێوەی کۆنفڕانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە؛ یەکەمجارە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆنفڕانسی لەم جۆرە دەبەسترێت و سێ ڕۆژ دەخایەنێت. زیاد لە ١٠٠ قوتابی لە زانکۆی سۆران، چەند زانکۆیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەیان زانکۆی عێراقی، بەشدارن. قوتابیان و خوێندکاران ڕۆڵی نوێنەرایەتیی وڵاتان دەگێڕن و پرسە گرنگە نێودەوڵەتی و هەنووکەییەکان تاوتوێ دەکەن. هەوڵ دەدەن بە گوێرەی سیاسەت و تێڕوانینی دەوڵەتی دیاریکراوی خۆیان، چارەسەری گونجاو بۆ کێشە جیهانییەکان پێشنیاز بکەن. 
 
لە وتەیەکدا بریکاری وەزارەت بە ناوی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خۆشحاڵی نیشاندا بە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەو چوارچێوەیەدا بەرزنرخاند، کە کۆنفڕانسی مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمساڵ، بە هاوبەشیی نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆی سێنتراڵ فلۆریدای ئەمریکا، لە زانکۆی سۆران بەڕێوە دەچێت. زیاد لە ١٠٠ قوتابی و خوێندکار تیایدا بەشدارن و هەمووشیان جاری یەکەمیانە کە ئەم دەرفەتەیان پێ دراوە.
 
کۆنفرانسەکە بایەخێکی زۆری بە ڕۆڵی قوتابیان و خوێندکارانی کچ داوە؛ بە جۆرێک ٦٠%ی بەشداربووان و سەرۆکی ٧ کۆمیتە لە کۆی گشتیی ١٠ کۆمیتە کچن. پێنج بابەتی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن کە بریتین لە: بەشداریی سیاسیی ژنان، وزەی خاوێن و نوێبووەوە، دەستگەیشتن بە پەروەردە و فێرکردن، گەشەدان بە ئابووریی گەنجان و دادپەروەریی بۆ قوربانیانی دەستی داعش. قوتابیانی بەشداربوو چوار ڕۆڵ و ئەرکیان دەبێت، کە بریتین لە: نوێنەرایەتیکردنی وڵاتێک، توێژینەوە لە بارەی مێژوو و کولتوور و نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتە، گفتوگۆکردن لە سەر پرسە جیهانییەکان بە دیدی ئەو دەوڵەتەی کە ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن. لە کۆتاییشدا؛ ئەنجامدانی دانوستان بۆ گەشتن بە ڕەشنووسێک، کە تیایدا پێشنیازی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان دەخرێتە ڕوو. 
 
کۆنفڕانسی مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەزموونێکی فێربوونی ئەکادیمی دابین دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی کۆپیکردنی نموونەیی پێکهاتە، پڕۆسە و کێشەکانی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمە دەرفەتێکی کەموێنەیە تا قوتابیان دەربارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان شارەزایی پەیدا بکەن. هەروەها، ڕۆڵی نوێنەری ئەو وڵاتانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بگێڕن. 
 
هەروەها دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو قوتابیانەی کە بە دوای فێربوونی زیاترن دەربارەی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کێشە جیهانییە هەنووکەییەکان. کۆنفڕانسەکە هەلێکی ناوازەیە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت تواناکانیان لە گفتوگۆ و وتاردان لە شوێنی گشتی و کارامەیی گفتوگۆدا باشتر بکەن.