Skip to the content

کونسوڵى بەریتانیا پشتیوانى پڕۆژە زانستییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى ١٧ى ئایارى ٢٠٢٢ د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیی کرد لە دەیڤید هەنت، کونسوڵى گشتى بەریتانیا لەهەرێمى کوردستان. لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبوون، جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی و پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان هەردوولا.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا باسى لە پەیوەندییەکانى حکومەت و گەلى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا کرد، بۆ ئەمەش وتى: لە قۆناغى داهاتوو دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستێکى فراوانتر پەرە پێبدەین، بەو پێیەى وەزارەتەکەمان نزیکەى (٥٠) پڕۆژەى هاوبەشى لە بوارى زانستى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى بەریتانیا هەیە، داواشى کرد ئاستى ئەو پەیوەندییانە لەبوارى توێژینەوە و پەرەپێدانى تواناکان و ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕى زانستى زیاتر فراوان بکەین، چونکە سیستمى خوێندنى بەریتانیا بۆ ئێمە گرنگى زۆرى هەیە و پێویستمان بە شارەزایى و پسپۆڕى ئەو وڵاتەیە.
لەلایەن خۆشیەوە کونسوڵى گشتى بەریتانیا، دڵخۆشى خۆى نیشاندا بەبوونى هەماهەنگى و هاوکارى تەواو لەنێوان دامەزراوە زانستییەکان و زانکۆکانى کوردستان و بەریتانیا و پشتیوانی خۆی بۆ ڕووانینەکانی وەزیری خوێندنی باڵا دەربڕی، بۆ ئەمەش هیواى خواست پڕۆژە زانستى و ئەکادیمییەکانى نێوان هەردوولا زیاتر بێت و ئاستى پەیوەندییەکانیش بەهێزتر بکرێن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کونسوڵی گشتی بەریتانیا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە بەشداریکردنی شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆڕبەندی پەروەردەی جیهانی کە بڕیارە لە داهاتوویەکى نزیکدا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ئەنجام بدرێت، لەو چوارچێوەیەشدا کونسوڵی گشتی بەریتانیا هاوکار دەبێت بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان (وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان) و (وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی زانست و زانکۆکانی بەریتانیا) و ژمارەیەک لە زانکۆ ئاستبەرزەکانی ئەو وڵاتە.