وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکارى زانکۆى ڕاپەڕین کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمرۆ دوشەممە ڕێکەوتى 16ى ئایارى 2022، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى, پێشوازی کرد لە ژمارەیەک خوێندکارى زانکۆى ڕاپەڕین.
لەو دیدارەدا خوێندکارانى زانکۆى ڕاپەڕین بەناوى سەرجەم خوێندکارانى زانکۆى ڕاپەڕین سوپاس و پێزانی خۆیان ئاراستەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کرد، لەبەرامبەر هەوڵ و ماندوبونەکانى بۆ خزمەتکردن بە توێژى خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆکانى کوردستان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان بەبێ جیاوازە.
د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختیكردەوە كە پشتیوانی تەواوى داوا ڕەواکانیانەو داواشی لێکردن بەهەست کردن بە لێپرسراویەتى و پاراستنى پرۆسەى خوێندن داوا ڕەواکانیان بگەیەنن، ئاماژەى بەوەش کرد لەماوەی کارەکانمان هەنگاوی جدی نراوە بۆ پشتیوانی و هاوکاری قوتابیان و خوێندکاران، هەر لە پرۆسەی وەرگرتنی دەرچوانی ئامادەیی لە سێ ساڵی ڕابردو و کەمکردنەوەى کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان و کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، ئەم هەنگاوانە بۆ پشتیوانی کردنی خوێندکاران و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر کەسوکار و خانەوادەکانیان بوە.
وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە کاردەکەن بۆ دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەش بە هەماهەنگی وەزارەت و زانکۆکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی بتوانن دەرفەتی ڕاهێنان و گەشەپێدانی توانای کارسازی و دروستکردنی مۆدێلی ناوازەی کار بۆ خوێندکاران و دەرچوان برەخسێنین و لەبەر ڕۆشنایی پێداویستیەکانی بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ڕاهێنان زیاتر پەرە پێ بدەین.
هەر لە وتەکەیدا لەپاڵ بەرزنرخاندنى رۆڵى خوێندکاران قوتابیان، ڕۆڵى مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستانى بەرزنرخاندو ڕایگەیاند:'' پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و پەرەپێدانی تواناکانیان دا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەوپەڕی شکۆمەندیەوە ئەرکە زانستی و نیشتیمانیەکانی سەرشانیان جێبەجێ بکەن.''