Skip to the content

وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا سەردانى کونسوڵخانەى یۆنان لە هەولێر دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە مەبەستى پەرەپێدانى هەماهەنگى و پەیوەندى زیاتر لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى وڵاتى یۆنان، وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى سەردانى کونسوڵخانەى گشتى یۆنان لە شارى هەولێر دەکات.
 
 وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە سەرۆکایەتى د. عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زارق بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، سەردانی کونسوڵخانەی گشتی وڵاتی یۆنانی لە هەولێر کردو لەلایەن د. ستاڤرۆس  کیریمیس، کونسوڵی یۆنان پێشوازیان لێکرا.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا بریکارى وەزارەت ڕۆشنایى خستە سەر دواین سەردانى وەفدێکى باڵاى وەزارەت کە پار ساڵ ئەنجامدرا بەسەرۆکایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆ وڵاتى یۆنان و کۆبوونەوە لەگەڵ دامودەزگه‌کانی خوێندنی باڵای یۆنان و دانانى بەردى بناغەى هاوئاهەنگی و کارى پێکەوەیى لە بوارەکانى زانستى و ئەکادیمى. وتیشى: هیواخوازین هاوشێوەى زۆرێک لە وڵاتانى دیکە سوودى زیاتر لە سیستم و پرۆسەى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە و گۆڕانکارییەکان لە بوارى پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و کواڵێتى خوێندن بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان ببینین.
لە بەرامبەردا کونسوڵی گشتی یۆنان  تیشکی خستە سەر ئەرک و کارەکانیان لە ڕابردوو و ئێستا لە بوارى زانستى و ئەکادیمى، لەوانەش ڕێکخستنى کۆنفرانسێک لەگەڵ زانکۆی سلێمانی لەم مانگەدا سەبارەت بە پەرەپێدانی شوێنەوار، کە تیایدا پێنج پرۆفیسۆر لە یۆنان بەشداری ئەم کۆنفرانسە دەکەن. هەروەها ئیمزاکردنى یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی مەسەدۆنیا و زانکۆی سلێمانی کە ساڵى پار ئیمزاکراوە، بوونى بەرنامەی هاوبەش لە نێوان زانکۆی کۆیە و زانکۆی مەسەدۆنیا، ئیمزاکردنى یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی سەڵاحەددین و زانکۆی ئەسیناو نوێکردنەوەى یاداشتەکە.
کونسوڵى یۆنان هەر لە وتەکەیدا ئاماژەى بە هەوڵەکانى کونسوڵخانەکەى کرد بۆ لێک نزیککردنەوەى زانکۆکانى کوردستان و یۆنان، بۆ ئەمەش وتى: لیستى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەردوولامان لە نێوان یەکتردا هاوبەش کردووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆژەی ئیراسمۆس پڵەس بتوانین هاوکاریی یەکتر بکەین و زانکۆکان پرۆژەی هاوبەشیان هەبێت.