پەیامی وەزیری خوێندنی باڵا بۆ شەستهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
مامۆستایانی ئازیز و خۆشەویست ...
لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و یەکە بە یەکەی مامۆستایانی سەربەرزی کوردستان دەکەم، سوپاسی گەرمتان دەکەم بۆ دڵسۆزی و لە خۆبردویی و پشو درێژیتان. یەکێتییەکەتان لە ماوەی (شەست ساڵی ڕابردودا) خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و خەبات و قوربانیدان و کۆڵنەدانە. لە هەمو قۆناغەکانی مێژوی ڕێکخراوەکەتاندا توانیوتانە چرای ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای خەبات بن و ڕۆڵی مەزن لە جۆشدانی خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بگێڕن بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لەو پێناوەشدا سەدان شەهیدی سەرکردەو ئەندامی دڵسۆزتان پێشکەش بە خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان کردوە، لە دوای ڕاپەڕینیش ئێوە بونە بەشێکی کاریگەر لە خەباتی دیموکراسی و پیشەیی و مەدەنی و پشتیوانی ڕاستەقینەی داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایانی کوردستان کە سەرباری گرفت و ئاڵنگاری ئابوری و سیاسی و قەیرانی تەندروستی ئێوە هەمیشە بەو پەڕی لەخۆبردویی و بە گیانی بەرپرسیارێتی بەرزی نیشتیمانییەوە بەردەوامیتان بە پرۆسەی خوێندن داوە .
ئێمە ڕۆڵ و کاریگەری و قوربانییەکانی یەکێتی مامۆستایان بەرز دەنرخێنین، خۆمان بە پاڵپشتی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان دەزانین، باوەڕی تەوامان بەو راستییە هەیە کە ڕیفۆرمی قوڵ و ڕاستەقینەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی زانستی لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکاندا دەبێت بە بەهێزکردنی پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی مامۆستایان دەستپێبکات، پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و پەرەپێدانی تواناکانیان دا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەوپەڕی شکۆمەندیەوە ئەرکە زانستی و نیشتیمانیەکانی سەرشانیان جێبەجێ بکەن.
هیوامان وایە هەمومانەوە پێکەوە تێبکۆشین بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەدیهێنانی سەرجەم داخوازییە رەواکانی مامۆستایانی ئازیزی کوردستان.
دوبارە پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.
د. ئارام محەمەد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی