Skip to the content

وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕۆژەی بۆردی ڕاوێژکاریی نێوان ئەکادیمیا و کەرتی تایبەتى خستە بواری جێبەجێکردنەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونى د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەشدارىی نوێنەرى ژمارەیەکى بەرچاو لە کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی بەڕێوەچوو.
 
لە میانى پێشکەشکردنى گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: "بیرۆکەی دامەزراندنى بۆردی ئەکادیمیا و کەرتى تایبەت و پیشەسازی بۆ درووستکردنى هەماهەنگییە لە نێوان زانکۆکان و ناوەندەکانى خوێندن لەگەڵ کەرتى تایبەت و کەرتى پیشەسازیی وڵاتەکەمان."

"ئامانج لەم پرۆژەیە وەرگرتنی ڕا و سەرنج و تێڕوانینەکانی کەرتی تایبەت و پیشەسازییە لەبارەى هەماهەنگیی زیاتر بۆ ئامادەکردنی هێزی کاری وڵاتەکەمان لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییەکانی بازاڕی کارو ئاراستەی گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان."

گوتیشى: "باوەڕمان وایە دەبێت خوێندن لە وڵاتى ئێمە ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانى بازاڕى کار و ئاراستەی گەشەکردنى ئابووری بێت و گەنجانی  وڵاتەکەمان بۆ ئەو سکیڵ و کارامەییانە ئامادەبکەین کە پێویستن بۆ بازاڕى کار."
 
د.ئارام محەممەد قادر ئەوەشى خستەڕوو "وەزارەتى خوێندنى باڵا و کەرتى تایبەت و پیشەسازى چۆن پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی چیتر پێویستمان بە دەستى کارى دەرەکى نەبێت، بەڵکوو دەبێت هەنگاوی باشتر بنێین بۆ ئەوەی هێزى کارى ناوخۆیی بتوانێت بەشدارىی باشتر بکات لە گەشەکردنى ئابوورى و بەرەوپێشچووى کەرتى پیشەسازى. وەک بەڵێنمان دابوو ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ هەماهەنگی لەگە« کەرتی تایبەت  و پیشەسازی بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەین بۆ ڕووپێوی بەردەوامی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و  گۆڕانکارى لە ناوەرۆکى پرۆگرامى خوێندن و کردنەوەی بەش و پڕۆگرامی نوێی پەیوەندیدار لەگەڵ بازاڕی کار و پێداچوونەوەی ئەو بەشانەى کە لە زانکۆکان داخوازییان لەسەر نەماوە و گۆڕینیان بە بەشى دیکەى پەیوەندیدار بە ئاراستەی گەشەکردنی ئابووریی وڵات." 
نوێنەرانی کۆمپانیا و کەرتی پیشەسازی پێشوازیی گەرمیان لەم پرۆژە ستراتیژی و نیشتمانییە کرد و بەشداریی کارایان لە گفتوگۆکان کرد بۆ دەستنیشانکردنى گرفت و ئاڵنگارییەکان، هەروەها تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە چۆنیەتیی سەرخستنی پڕۆژەی ڕیفۆرم و جێگرەوەکانی خوێندنی باڵا خستەڕوو و ڕایانگەیاند: "لەم ئەرکە نیشتمانییەدا هاوکار و هاوبەشی ڕاستەقینە دەبین لەگەڵتان."