Skip to the content

لە هەڵەبجە دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سۆشیاڵ میدیا و کولتووری بەکارهێنان بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - بە چاودێری و ئامادەبوونى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەشى ڕاگەیاندن لە کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانى زانکۆى هەڵەبجە، دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی "سۆشیاڵ میدیا و کولتووری بەکارهێنان"، بە بەشدارىی پارێزگارى هەڵەبجە و بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و مامۆستایان و میوانان ئەنجامدا.

لە گوتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە سەرۆکی زانکۆى هەڵەبجە و لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانس و توێژەران کرد. بە گرنگیشى زانی ئەو بابەتە کۆمەڵایەتییانەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەن، توێژینەوەیان لەسەر بکرێت، بەتایبەت سۆشیاڵ میدیا و کاریگەرییەکانى.
 
وەزیزی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا کرد لە بوارە جیاوازەکان و ڕوونیکردەوە ناوەندە ئەکادیمییەکان پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەن کە بە ئاراستەی درووستی خۆیدا بڕوات.
 
لە کۆتاییشدا وەزیری خوێندنی باڵا هیوای خواست کۆنفرانس ئامانجی خۆی بپێکێت و بگوازرێتەوە بۆ شارەکانی تر و وەزارەتەکانی تریش، بۆ ئەوەى ڕێوشوێنی گونجاو بۆ کولتووری باش بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنن.

دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی (سۆشیاڵ میدیا و کولتووری بەکارهێنان) جگە لە توێژەرانی زانکۆکە، هەریەک لە زانکۆکانی (سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سەلاحەدین، کۆیە، ڕاپەڕین، coventry,middilesex، زانکۆی ئازادی تاران) بەشداریان تێیدا کردووە.