Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا کارکردنى بە سیستمى غازى شل لەسەرجەم دامەزراوەکانى ڕاگرت

 هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پاراستنى سەلامەتى گیان و ژیانى مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگە و بەشە ناوخۆییەکان و دامەزراوەکانى دیکەیدا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارکردنى بەسیستەمى غازى شل لەسەرجەم دامەزراوەکانى ڕاگرت.
 
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نوسراوەکەیدا، بەسێ خاڵ وردەکارى بڕیارەکەى ڕونکردۆتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە دامەزراوەکان دەستبەجێ کارکردن بەسیستەمى غازى شل ڕابگرن و  جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە بەزوترین کات و زۆر بەوردى بەدواداچون بۆ هەمو ئەو سیستەمانە بکرێت، کە بەمەبەستى ئامادەکردن یان گەرمکردنەوەى خواردن بەکاردێن و لە سەلامەتى دڵنیا ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لە ماوەى (٣) سێ ڕۆژدا ڕاپۆرتێکى تێروتەسەل لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى زانکۆ و پەیمانگەکان و بەهەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى ئامادە بکەن.
 
لە خاڵێکى دیکەى نوسراوەکەدا هاتوە، دەبێت هەمو ئەو سیستەمانەى بەمەبەستى ئامادەکردن و گەرمکردنەوەى خواردن لەسەر هەمو زانکۆ و پەیمانگە و دامەزراوەکانى سەر بەوەزارەت و لە بەشە ناوخۆییەکان بەکار دێن، پێویستە ڕێگەپێدانى بەرگرى شارستانیان هەبێت و مۆڵەتى دانانى هەبێت و لە لایەن کۆمپانیاکان.
 
لە کۆتایشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەئیکدى لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە لە حاڵەتى کەمتەرخەمى و جێبەجێنەکردنى ئەو خاڵانەى سەرەوە لایەنى کەمتەرخەم ڕوبەڕوى یاسا دەبێتەوە.