Skip to the content

١٣٠٠ دەرچووی دیکەی دوانزەی ئامادەیی ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان هاتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - ژمارەیەک لە دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نوسرابوو "وردبینی دەکرێت"، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ناویان گەڕایەوە و ئێستا دەتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بەپێی کۆنمرەکانیان وەربگرنەوە.

د. خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، "ئەو دەرچووانەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نوسرابوو "وردبینی دەکرێت"، لە ئێستادا بەپێی کۆنمرەکانیان ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە و دەتوانن لە وێبسایتی regayzanko.com لە شوێنی وەرگرتنیان دڵنیاببنەوە، کە ژمارەیان نزیکەی ١٣٠٠ وەرگیراوە.

هەروەک گوتیشی، "داوا لەو دەرچووانە دەکەین لە هەفتەی داهاتوودا پەیوەندی بکەن بەو کۆلێژ و بەشانەی کە ناویان لێی گەڕاوەتەوە، بۆ ئەوەی مامەڵەی خۆتۆمارکردن ئەنجام بدەن."

بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون گوتیشی، "لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوی ئەو دەرچووانەش ڕادەگەیەنرێت کە لە ڕێگەی فۆڕمی ڕاستەوخۆ داواکارییان پێشکەش کردبوو بۆ وەرگرتنیان لەو کۆلێژ و بەشانەی کورسی بەتاڵیان ماوەتەوە."

زیاتر گوتیشی، "تایبەت بە دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەهەمان شێوە ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە."