وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم لەگەڵ دامەزراوەى (Middle state Association) کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان، داوا لە بەرپرسانی کۆمسیۆنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە دامەزراوەی (Middle state Association) بۆ متمانە بەخشین دەکات، هاوکاری هەرێمی کوردستان بن بۆ پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان و داڕشتنی میکانیزمەکانی کارکردنی (دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان)، بەجۆرێک بتوانین کلتوری دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین لەناو سیستمی پەرەوەردەو خوێندنی باڵا بچەسپێنین.
ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى کۆبونەوەیەکدا هات لەگەڵ (Christian Talbot) سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمسیۆنی ناوەندە پەروەردەییەکانی دامەزراوەی (Middle state Association) و (Heather Perfetti) سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمسیۆنی خوێندنی باڵا لە دامەزراوەی ناوبراو بۆ متمانەبەخشین.
لە کۆبونەوەیەکدا کە جێگرانی سەرۆک و ژمارەیەک بەرپرسی بەشە سەرەکییەکانی دامەزراوەی (Middle state Association) بۆ متمانە بەخشین و بەیان سامى عەبدولرەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە واشنتۆن ئامادەبون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تیشکی خستە سەر پرۆسەی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان تەئکیدی کردەوە دەمانەوێت سیستمی پەرەوەدەو خوێندنی باڵا لەهەرێمی کوردستان سیستمێکی ناوازەبێت لە سەر ئاستی عیراق و ناوچەکە، لە نێو ئەجێندای ڕیفۆرمی ئێمەدا گرنگی دەدەین بە فراوانکردنی مەوداکانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و بەستنەوەی زیاتری ناوەندەکانی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارو ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری کوردستان.
وتیشى: دەمانەوێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستمی ناوەندی وەرگرتن لە زانکۆکانی کوردستان بکەین، بەجۆرێک بتوانین زیاتر ڕەچاوی خولیاو ئارەزوەکانی خوێندکاران و قوتابیان و توانای داهێنان و ئاراستەی پیشەییان ڕەچاو بکرێت.
هەر لە کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر، باسی لە هەنگاوەکانی پەرەپێدانی کواڵتی خوێندن و بەدەستهێنانی متمانەی پرۆگرامەکان و متمانەی دامەزراوەیی ناوەندەکانی خوێندنی کرد. بەتایبەت تیشکی خستەسەر دوایین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمى حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بنیادنانی (دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان)، کە لە ماوەی ڕابردودا یاسای تایبەت بەم دەستەیە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا.
بۆ ئەمەش داوای لە بەرپرسانی هەردو کۆمسیۆنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە دامەزراوەی (Middle state Association) کرد کە هاوکاری هەرێمی کوردستان بن بۆ پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان و دارشتنی ڕێکارو میکانیزمی کارکردنی (دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان)، بەجۆرێک بتوانین تایبەتمەندییە سۆسیۆ- کلتورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر چاو بگرین و کلتوری دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین بەشێوازێکی زانستی گونجاو لەناو سیستمی پەرەوەردە و خوێندنی باڵا بچەسپێنین.
لەلایەن خۆیانەوە سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هەردو کۆمسیۆنی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە دامەزراوەی (Middle state Association) ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی هاوکاری هەرێمی کوردستان بن، تەئکیدیان کردەوە کە باشترین ڕێگا بۆ پەرەپێدانی کلتوری متمانە بەخشین لە ناو سیستمی پەروەردەو خوێندنی باڵا ئەوەیە لەڕێگای پەرەپێدانی توانا ناوخۆییەکان مۆدێلێکی گونجاو و تایبەت بە هەرێمی کوردستان بۆ متمانە بەخشین بنیاد بنرێت بەجۆرێک لەگەڵ تایبەتمەندی سۆسیۆلۆجی و کلتوری هەرێمی کوردستان بگونجێت.