Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری لەبارەی پەڕینەوەی قوتابیان دا

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆ پرسی پەڕینەوە (عبور) بۆ خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان، تەنها لەو قۆناغانەی کە سیستمی خوێندن تیایدا دەگۆڕێت بۆ بۆلۆنیا پرۆسێس، بڕیارى پێویستى دەرکرد.
هەروەها مەرجەکانی بەستنی کۆنفرانسی زانستی و پێوەرەکانی پێدانی مۆڵەتی گۆڤاری زانستی دواى تاووتوێکردن پەسەندکرد.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتى ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتیی دکتۆر خالید شوانى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە وەکالەت، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبوونەوەى ژمارە ٦ ى خۆى بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ تاووتوێکردنى چەند بابەتێکى زانستى و ئەکادیمى لە دیوانى وەزارەت لە شارى هەولێر کۆبووەوە.
 
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە وەکالەت، ئاماژەى بە بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکە کرد و تیشکى خستە سەر ئەو تەوەر و بابەتانەى بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت و پەسەند دەکرێن.
 
لە دەستپێکدا لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری، ڕاپۆرتى پڕۆپۆزەڵی کردنەوەی زانکۆی لەندەن لە هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا، بۆ ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنى ئەو مەرج و پێشنیارانەى کە لە نووسراوى ئەنجوومەنى وەزیراندا هاتووە و گفتوگۆى ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزارەت ڕاپۆرتەکە پەسەند کرا، تەوەرى دووەمى بەرنامەى کارى کۆبوونەوە بریتى بوو لە خوێندنەوەى پێوەرەکانی پێدانی مۆڵەتی گۆڤاری زانستی، کە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان ئامادەکرابوو؛ دواى خوێندنەوەى ڕاپۆرتەکە بە گفتوگۆى ئەندامانى ئەنجوومەن ڕاپۆرتەکە دەوڵەمەند کرا.
 
تەوەرى سێیەمى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت بریتى بوو لە پەسەندکردنی مەرجەکانی بەستنی کۆنفرانسی زانستی، کە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان خرایەڕوو، بۆ ئەمەش ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزارەت پێشنیازەکانى خۆیان لەبارەى مەرجەکانى کۆنفرانسى زانستى خستەڕوو و ڕاپۆرتەکە پەسەندکرا.
 
لەبارەى تەوەى چوارەمى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت کە تایبەت بوو بە پرسی پەڕینەوە (عبور) بۆ قوتابیان/خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان تەنها لەو قۆناغانەی کە سیستمی خوێندن تیایدا دەگۆڕێت بۆ پێواژۆی بۆڵۆنیا، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە زیادکردنی وانەی (عبور) بۆ دوو وانە لە سیستمی ساڵانە و چوار وانە لە سیستمی وەرزی، تەنها بۆ ئەو قۆناغانەی کە سیستمی خوێندنی تیادا دەگۆڕێت.
 
لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا چەند بابەت و پرسێکى پەیوەست بە کاروبارى زانستى و کارگێڕى و دارایى و خوێندکاران و قوتابیان گفتوگۆى لەبارەوە کرا و ئامادەبووان ڕاى خۆیان لەبارەى پرسەکان خستەڕوو و بڕیاری پێویستییان لەبارەیەوە درا.