وەزارەتى خوێندنى باڵا پەنجا کورسیی خوێندنى دکتۆرا لە دەرەوە ڕادەگەیەنێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەرجەم مامۆستایانی سەر بەوەزارەتەکە ئاگادار دەکاتەوە، کە زانکۆی (Imperial College London- UK) پەنجا کورسی خوێندنى بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى دکتۆرا بۆ ساڵى ئەکادیمی (٢٠٢٣- ٢٠٢٤) بە ناونیشانی (Presidential Funded PhD Scholarships) ڕاگەیاندووە، هەر مامۆستایەک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدایە و ئارەزووی خوێندن لەو زانکۆیە دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، دەتوانێت لە رێگەی ئەم بەستەرەى خوارەوە داواکارى پێشکەش بکەن:
مەرجەکان:
1. پێشکەشکار دەبێت هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بێت.
2. پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە، جگە لەو بەڕێزانەی کە بڕوانامەی ماستەرەکەیان لە چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازی بەدەستهێناوە، بۆیە دەبێت پابەندی ئەو گرێبەستە ببن کە کاتی خۆی واژۆیان کردووە.
3. ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەکی دیکە جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
4. داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
5. کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وەزارەت تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
6. کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن زانکۆی ناوبراو پشتگیریی دارایی دەکرێت.
بۆ وردەکاریی زیاتر تکایە سەردانی وێبسایتى سکۆلەرشیپەکە بکەن.
بۆ وردەکاریی زیاتر تکایە سەردانی وێبسایتى سکۆلەرشیپەکە بکەن.
تێبینیەکان:
- پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وێبسایتى سەرەکیی سکۆلەرشیپەکە دەبێت.
- کاندیدی سەرکەوتوو دوای بەدەستهێنانی سکۆلەرشیپەکە، دەبێت سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ بەڕێوەبەرایەتیی نێردراوان بکات، بۆ پرۆسێسکردنی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن.
- هەرکەسێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
- تکایە بۆ هەر پرسیارێک یا زانیارییەکی زیاتر، سەرەتا سەردانی وێبسایتى سکۆلەرشیپەکە بکەن.