کۆتایی بەخولێکى دیکەى پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هات
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەئامادەبونى دکتۆر ئیدریس هەرکى، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، و دکتۆر ژاڵە سەعید خطاط، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕێوڕەسمی دەرچوانی خولێکی دیکەى پێداگۆجی (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) لە زانکۆی پۆلەتکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە مامۆستایان و بەشداربوانى خولەکە بەڕێوەچوو، چەند وتەیەک پێشکەشکران لەو چوارچێوەیەدا د. ژاڵە سەعید خطاط وتەیەکى پێشکەشکرد،و لە وتەکەیدا دواى ئەوەى سوپاس و دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئەو خولەی پێداگوجی کرد، بۆ تەرخانكردنی تواناكانیان بە مەبەستی دەرچواندنی بەشداربووان، سوپاسی سەڕۆكى زانكۆى پۆلیتەکنیکى هەولێریشى کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە، پاشان لە چەند خاڵێکدا بەگرنگیەوە باسى لە پێداگۆجى بۆ ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان کردو ڕایگەیاند: لە سەردەمی جیهانگیری و شۆرشی زانیاری، کە تۆڕەكانی پەیوەندی بوەتە هۆی ئەوەی كۆمەڵگاكان بەشێوەیەكی گشتی و كۆمەڵگای كوردستانی بە تایبەتی لە حاڵەتێكی ڕووبەڕوو بوونەوەی زانستی و ئەكادیمی بێت لەگەڵ ئاڵنگاریەكانی ناوخۆ و دەرەكی، ئەمەش بە ئامانجی بە دیهێنانی "گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام" لە لایەك و "پێگەیاندنی زانستی" لە لایەكی تر، بە مانایی بنیاتنان و پێشكەوتنی كیانی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە رێگەی بونیاتنانی ستافە زانستی و ئەكادیمیەكان لە چوارچێوەی دامەزراوەکانى وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا بەچەند خاڵێک باسى لە گرنگى چۆنیەتى بەدیهێنانى ئەو ئامانجانە کرد و ڕاگەیاند: بۆ بە دیهێنانی ئەم ئامانجە سەرەكیە پێویست بو لە شوێنەكەوە دەست پێبكەین كە بناغەی سەرەكی هەیكەلیەتی وەزارەتە، ئەو شوینەش بریتیە لە "مامۆستای زانكۆ" بەهۆى ئەوەى زنجیرەی سەرەكییە لە نێوان خوێندکار و زانیاری ئەكادیمی، هەرچەند ئەم زنجیرەیە بە هێزو پتەو بێت، دەبێتە فاكتەری یارمەتیدەر بۆ بەستنەوەی قوتابی بە زانیاری زانستی. وتیشی ڕۆڵی مامۆستای زانكۆ تەنها گواستنەوەی زانیاری و زانست بۆ خوێندکار نیە، چونكە زانست وەكو خۆی قەتیس و قۆرخ ناكرێت لە لایەن كەسێك یان چەند كەسێكەوە، بەڵكو ئەمڕۆ لە پێناو پەرەپێدانی دامەزراوەکانى زانستی حكومی و ناحكومی دەبینین، كە پێشكەوتن لەسەر بنەمای كاری هاوبەشە. لەسەر ئەم بنەمایەش مامۆستا لە توێژەر و تەدریسی ئامادە دەكرێت. لەسەر هەمان بنەما توێژینەوەی ڕەسەن و داهێنانی زانستی بەرهەم دێت و باشترین نموونەش ڤاكسینی كۆڕۆنایە، كە زانكۆی ئۆكسفۆر (ڤاكسینی ئەسترا زینیكا)ی بەرهەم هێنا، هەروەها (ڤایزەر) كە دوو كۆمپانیای ئەڵمانی و ئەمریكی بەرهەمیان هێنا، ڕونیشکردەوە ئەم دەرەنجامە زانستیانە لەدوای شۆرشێكی ڕاستەقینە لە بوارەكانی پەروەردە و خوێندن بە دەركەوتن، بە جۆرێك ئاستی مامۆستای زانكۆ و توێژەری ئەكادیمی لە ڕێگەی سیستمێكی پەروەردەیی و ئەكادیمی بەرز كرایەوە، كە پاڵپشتە بە هاندانی بەردەوام چ بۆ مامۆستای زانكۆ چ بۆ قوتابی، پێداگۆجی و ڕێگەكانی وانە وتنەوە بەردی بناغەیە بۆ ئەم رەگەزە پەروەردەییە.
لە بەشى کۆتایى وتارەکەیدا بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوە و پەرەپێدان باسى لە ڕۆڵى گرنگى مامۆستا لە ناوەندەکانى خوێندن کردو ڕایگەیاند: تا ئێستا مامۆستای زانكۆ گۆشەی سەرەكیە لە پڕۆسەی پەروەردەیی و زانستی، چونكە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ دەكات كە پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە لە ئامادەكاری و پەرەپێدانی مرۆیی و زانستی هەتا ببێتە مرۆڤێكی بەرهەم هێنەر و سوودبەخش بۆ ڕۆڵەكانی نیشتمان، پێداگۆجیش دەبێتە هۆكارێك بۆ بەهێزكردنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی، وتیشى بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە نەتەوەییە پێداگۆجی یارمەتیدەرە دەبێت بۆ پێشكەوتنی توانای كەسەكان كە ژیان دروست دەكەن و یارمەتی دەرن بۆ پێگەیاندنی گیانی نەتەوەیی لە نێو خوێندکاراندا. و لەکۆتایى ڕێورەسمەکەدا لەلایەن ئامادەبووان بڕوانامە بەسەر بەشداربووان دابەشکرا.