Skip to the content

سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان بە ئەلیکترۆنى دەکرێن

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی حکوومەتى هەرێمى کوردستان، شێواز و مامەڵەى پێشکەشکردن بۆ سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان بە ئەلیکترۆنى دەکات، فێرخوازان بۆ  پێشکەشکردن و بەشدارىکردن لە کۆرس و تاقیکردنەوەکان و وەرگرتنەوەى ئەنجامەکان و بڕوانامە، دەتوانن لە ڕێگەى لینکى (lc.digital.gov.krd) سەردانى سیستەمەکە بکەن.
 
ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتى ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتىی دکتۆر ئارام محمد قاد  وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکان، لە ڕێوڕەسمێکدا بەئەلیکترۆنىکردنى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان ڕاگەیەنرا.
 
لە دەستپێکى ڕێوڕەسمەکەدا ئارام محمد قادر، خۆشحاڵىی خۆى نیشاندا کە قۆناغێکی دیکەى فراوانکردنى پڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردن، بۆ ئەمەش سوپاسى سێنتەرەکانى زمانى کرد لە زانکۆکانى کوردستان بۆ هەوڵ و کارەکانیان لە ماوەى ڕابردوو  و جێبەجێکردنى پلان و بەرنامەى وەزارەت، ڕاشیگەیاند "خۆشحاڵین ئەمڕۆ پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەیەنین، کە ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و کاریگەرەکانى وەزارەتەکەمان، بێگومان کاریگەرى لەسەر کەمکردنەوەى رۆتین و کارئاسانى بۆ فێرخوازان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانى زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دەبێت".
دکتۆر ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەرى گشتىی توێژینەوە و پەرەپێدان لە گوتەیەکدا ئاماژەى بە وردەکارىی هەنگاوەکانى بە ئەلیکترۆنىکردنى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان کرد، بۆ ئەمەش سوپاسی لیژنەى پێشووى سەرپەرشتیارى سێنتەرەکانى زمانى کرد بۆ کارەکانیان و هەروەها دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرایەتىی ئایتىی وەزارەت کرد بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان. 

شیاوی باسە ئەم هەنگاوە هاوکار دەبێت بۆ ڕێکخستنەوەى کاروبارى سێنتەرەکانى زمان و کارئاسانى بۆ فێرخوازان بەمەبەستى پێشکەشکردن و بەشداریکردن لە کۆرسەکانى زمان کە مەرجی خوێندنی ماستەر و دکتۆرایە.