Skip to the content

نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە لە هەولێر و سلێمانى ڕێز لە وەزیرى خوێندنى باڵا دەنێن

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە دیوانى وەزارەت پێشوازی لە هەریەک لە بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکانى نانەکەلى و هیوا بۆ شێرپەنجە لە شارى هەولێر و سلێمانى کرد ، کە بەمەبەستى پێشکەشکردنى سوپاس و ڕێزلێنان بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى وەزارەتیان کردبوو.
 
دواى ڕاگەیاندنى کەمپینى کتێبی "خوێندنى باڵا لەسەردەمى کۆرۆنا و ئاڵنگارییەکاندا" کە لە نووسینى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە، بڕى ٣٣٠ ملیۆن دینار، لەگەڵ بڕى ١٢ هەزار و ٤٥٠ دۆلار، کۆمەک بۆ نەخۆشخانەکانى تایبەت بە شێرپەنجە کۆکرانەوە و لە ڕێوڕەسمێکدا بەخشرایە هەردوو نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى و نانەکەلى لە هەولێر.
لە ڕێوڕەسمێکى دیکەدا هەردوو نەخۆشخانە سوپاس و ڕێزلێنانى خۆیان پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.
 
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گوتەیەکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد "نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە لە هەرێمى کوردستان، ڕۆژانە زۆرترین خەڵکى کەمدەرامەت و هەژارى وڵاتەکەمان سەردانیان دەکەن، بۆیە ئەو نەخۆشخانانە جگە لە پشتیوانىی سێکتەرى خۆیان، لەهەمان کاتدا پێویستیان بەپاڵپشتى و هاوکارىی هەموو چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگەیە".
 
لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوەبەر و نوێنەرى نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە لە هەرێمى کوردستان سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵایان کرد بۆ ئەم پشتگیرییە گەورەیە، دوپاتیان کردەوە "پێویستە هەموومان پێکەوە ڕووبوڕووی شێرپەنجە وەک دەردێکى کوشندە ببینەوە".