بۆ پەرەپێدانى زیاترى پڕۆسەى خوێندن زانكۆکانی سەڵاحه‌دین و دهۆك و سۆران یاداشتنامهیەکیان ئیمزا کرد
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - لە دیوانی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین-ھەولێر، بەئامادەبونى دکتۆر ئه‌میر عەبدولرەحمان ئەحمەد ڕاوێژكاری وه‌زیر و نوێنەرى وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، یاداشتنامهیەکى لێكتێگه‌یشتن لەنێوان هەریەک لە دکتۆر کامەران یونس محەمەد ئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-ھەولێر و دکتۆر داود سلێمان ئه‌تروشی سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك و دکتۆر شێراون شەریف قرتاس سه‌رۆكی زانكۆی سۆران ئیمزا کرا.
بەو بۆنەیەوە نوێنەرى وه‌زیرى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە گوتەیەکیدا دەستخۆشیی ئیمزاکردنى یاداشتنامهیەکى لێكتێگه‌یشتنى نێوان هەرسێ زانکۆکەى لە سەرۆکى زانکۆکان کرد و گوتى "شادمانم له مه‌راسیمێكی شایسته و ئه‌كادیمی ئاماده‌بووم بۆ مه‌به‌ستی واژۆكردنی یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن، کە تایبەتە بە ئه‌نجامدانی كاری هاوبه‌ش له‌نێوان سێ زانكۆی گه‌وره‌ی هه‌رێمی كوردستان، هیواشى خواست ئەم یاداشتنامەیە ببێتە بناغەیەکى باش بۆ داهاتویەکى گەش و پێگەیاندنى نەوەکانى دواڕۆژ".
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، هەریەک لە سه‌رۆكی زانكۆی سه‌لاحه‌دین-هه‌ولێر، سەرۆکى زانکۆى دهۆک لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى سۆران بەجیا گوتەیان پێشکەش کرد، لە گوتەکانیاندا جەختى لە گرنگیی ئیمزاکردنى ئەو یاداشتنامەیە کردەوە تا بتوانن لە چوارچێوەى سیستم و ڕێکەوتنێکى هاوبەشدا خزمه‌تی زیاتر پێشکەش بە قوتابیان و خوێندکاران و پڕۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان بکەن.