Skip to the content

زانکۆیی تێمپڵی ئەمریکی وۆرکشۆپێکى لە ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان ئەنجام دا

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - سەرلەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونى دکتۆر عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وۆرکشۆپێک لەبارەى پزیشکیی فریاگوزارى و هەماهەنگیی نێودەوڵەتى، لە ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان بەڕێوەچوو.
 
لەو وۆرکشۆپەدا کە هەریەک لە بەرپرسی خوێندنی باڵای کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا و ڕاگر و بەرپرسی سەنتەرەکانی (EM, ICU, Anaesthesia, Internal Medicine) ئامادەی بوون، لە گوتەیەکدا دکتۆر ئاریانا خاڵس، سەرۆکى ئەنجوومەنى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، تیشکى خستە سەر ئیمزاکردنى یاداشتنامەى لێکگەیشتن لەگەڵ زانکۆى تێمپڵى ئەمریکى، لەبارەى پزیشکیی فریاگوزارى کە لە ئەنجامى سەردانیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئیمزاکراوە.
 
بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى دەستخۆشى و سوپاسگوزارى بۆ ئەنجامدانى ئەم وۆرکشۆپە، گرنگیی بابەتەکەی بۆ ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و پێویستیی کەرتى تەندرووستى بۆ پزیشکیی فریاگوزارى خستەڕوو؛ هەروەها دەستخۆشى لە زانکۆى تێمپڵى ئەمریکى کرد و هیواى خواست لە داهاتوودا زیاتر هاوکار بن، بەتایبەت لە بابەتە فراوانەکانى سێکتەرى تەندرووستى لە هەرێمدا.
 
دواتر لەلایەن دکتۆر مۆڕا سایمن بەڕێوەبەری بەشی تەندرووستیی جیهانی لە زانکۆی تێمپڵى ئەمریکى و ڕاگر و بەرپرسی سەنتەرەکان، پزیشکیی فریاگوزارى و هەماهەنگیی نێودەوڵەتى بۆ ئامادەبووان شیکرایەوە و بە وردى تیشک خرایە سەر تەوەرەکان.