Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا لە زانکۆ تایبەتەکان و خوێندنى پارالێل و ئێواران، کورسى خوێندنى بە خۆڕایى بۆ وارسى شەهیدان تەرخانکردووە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - لەسەر پێشنیازى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماوەى سێ ساڵە، لە هەر بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و خوێندنى پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان، پێنج کورسى بەخۆڕایى بۆ وارسى شەهیدان و ئەنفالکراوان تەرخاندەکرێت. ئەوانەشى لەسەرووی ئەم پێنج کورسییە وەردەگیرێن بەپێى ڕێنمایى وەزارەتى شەهیدان کرێى خوێندنیان بۆ خەرجدەکرێت. بۆ ئەمساڵیش لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا بڕیارى دابینکردنى پێنج کورسى خوێندن بەخۆڕایى بۆ هەر بەشێک بەردەوام دەبێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى ٢١ی ئەیلوولی٢٠٢٢، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە دیوانى وەزارەت، پێشوازی کرد لە عەبدولڵا حاجى مەحموود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەفدى یاوەرى.
 
لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا لەبارەى ڕێنمایى تایبەت بە خزمەتگوزارى خوێندن و تەندرووستىی کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەو خزمەت و پرۆژە هاوبەشانەى هەردوو وەزارەت بە هاریکارىی یەکتر پێشکەشى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى دەکەن لە هەرێمى کوردستان.
 
لە دەستپێکدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، کورتە باسێکى سەبارەت بەو ماف و ئەرکانەى وەزارەت خستەڕوو کە بۆ وارسى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمى کوردستان پێشکەشى دەکات، ئەویش لەپێناو لەبەرچاوگرتنى خەبات و تێکۆشانى شەهیدان و ئەنفالکراوان کە گیانى خۆیان بەخت کرد لەپێناو ئازادى و سەرفرازى بۆ گەلەکەمان، بۆیەش گوتى: "لە خوێندنى بەرایى/ بەکالۆریۆس و دبلۆم، خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا و خوێندنى تایبەت، بەڕەچاوکردنى تایبەتمەندیەتى هەوڵمانداوە زۆرترین ئاسانکارى و خزمەت پێشکەش بە وارسى شەهیدان بکەین و دەرفەت و هەلى خوێندنیان بۆ دەستەبەر بکەین".
 
لەلایەن خۆیەوە وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە وتەیەکدا تیشکى خستە سەر ڕێنمایى تایبەت بە خزمەتگوزارى خوێندن و تەندرووستیی کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بەمەبەستى زیاتر بایەخدان بە کەسوکارى شەهیدان لەگشت بوار و سێکتەرەکاندا، بۆ کەرتى خوێندنى باڵاش ئاماژەى بە هەماهەنگى بەردەوامى هەردو وەزارەت کرد و دوپاتیکردەوە "لە سێکتەرى خوێندنى باڵا دەتوانرێت زۆرترین خزمەت و ماف و بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەستەبەر بکرێت، هاوکارى و هەماهەنگییە بەردەوامەکانى هەردوولا دەمانگەیەنێتە ئەو ئامانجەى کارى لەپێناودا دەکەین".
 
لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى شەهیدان سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، کە بەردەوام داکۆکیکاری ماف و شایستە دارایییەکان و خزمەتەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانە لە هەرێمى کوردستان.