Skip to the content

وەزیری خوێندنی باڵا بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەکادیمی، لە وڵاتی ئەمریکایە

هەولێر، هەرێمى کوردستان،(GOV.KRD) - بەمەبەستى سەرخستنى هەنگاوەکانى پڕۆسەى ڕیفۆرم و چاکسازى لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لەگەڵ زانکۆکانى ئەو وڵاتە و بەرپرسانى حکوومى و سێنتەرەکانى توێژینەوە و لێپرسراوانى پەروەردەیى و دەزگاکانى دڵنیاییی جۆرى و متمانە بەخشین کۆدەبێتەوە.
 
لەم چوارچێوەیەدا و لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەردانى نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانى لەو وڵاتە کرد و لەلایەن بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە واشنتۆن، پێشوازی لێ کرا.
 
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گوتەیەکدا تیشکى خستە سەر هەنگاوەکانى ڕیفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان، بەتایبەت بەستنەوەى ناوەرۆکى پڕۆگرامەکانى خوێندن بە بازاڕى کار و پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى و بەهێزکردنى پەیوەندیی نێوان ئەکادیمیا و ناوەندەکانى خوێندن لە کوردستان. 
هەروەها پرسى ڕیفۆرمى سیستمى وەرگرتن لە زانکۆکانى کوردستان و درووستکردن و ستاندارد و پێوەر بۆ پەرەپێدانى کوالیتیی خوێندن بەشێکى دیکەى گوتەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا بوو. 
 
دواتر ئامانجى سەردانەکەى بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا خستەڕوو و گوتى "هاتووین پەرە بە پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکانى هەرێمەکەمان لەگەڵ دامەزراوە زانستییەکان و زانکۆکانى ئەم وڵاتە بدەین، بۆ باشترکردنی ستانداردی دامەزراوە ئەکادیمییەکان و پێداچوونەوە بە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و سوودوەرگرتن لە سیستمی خوێندن لەم وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش لەگەڵ زانکۆکان و بەرپرسانى حکوومى و سێنتەرەکانى توێژینەوە و لێپرسراوانى پەروەدەیى و دەزگاکانى دڵنیایی جۆرى و متمانە بەخشین لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەى هاوکارمان بن لە پڕۆسەى ڕیفۆرم و چاکسازى لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان.
لە ئێستادا بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوەی کوردستان بۆ متمانەپێدانی خوێندن دامەزراوە. ئامانج لە دامەزراندنى ئەم دامەزراوەیە بۆ بەهێزکردنى کوالیتیی خوێندنە لە زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان."
 
بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمى کوردستان لە واشنتۆن، دواى بەخێرهێنانى وەزیری خوێندنی باڵا و وەفدى هاوڕێى، ستایش و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ باشترکردنی بەرنامە و سیستمی خوێندن لە هەرێمى کوردستان، هیوایشی خواست لە ماوەى مانەوەیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، سوود لە توانا و ئەزموونی زانکۆ و کۆلێژەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانی خوێندن و سیستمى خوێندن لەو وڵاتە وەربگرن، هەروەک پشتیوانیی نوێنەرایەتییەکەى بۆ هەماهەنگى و هاوکاریی نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دامەزراوە زانستییەکانى ئەمریکا دووپاتکرەوە، تا هەمووان پێکەوە بتوانن نەوەیەکى کارا بۆ داهاتووی کۆمەڵگە درووست بکەن.