پڕۆژەى کردنەوەى سەنتەرەکانى تواناى کارسازى بەهاوکارى (Massachusetts Institute of Technology MIT) دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سەرکەوتنى پڕۆژەکانمان لەبوارى خوێندنى باڵا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا ماناى سەرکەوتنى ئیدارەدانى پەیوەندییەکى تەندروستە لەنێوان هەردولادا، وتیشى: بۆ سەرکەوتنى پڕۆژەکان دامەزراوەى (IREX) پشتیوان و هاوکارێکى جدی وەزارەتەکەمانە.
ئەم وتانەى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێکەوتى (28/8/2023)لە میانى پێشوازی کردنیدا هات لە (Doug Morrow) بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە کونسوڵگەری گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و خاتو (Lori Mason) بەرپرسی پرۆگرامەکانی (IREX) لە عیراق و هەرێمی کوردستان.
لە کۆبونەوەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا خۆشحاڵى خۆى بۆ هەماهەنگى و کارى هاوبەشى وەزارەتەکەى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و دامەزراوەى (IREX) دووپات کردەوە، هاوکات وتیشى: بەگەشبینیەوە لەئەنجامى کارو پڕۆژەکانتان دەڕوانین و چاوەڕوانى دەرەنجامى باش دەکەین بۆ ئەوەى لەناوەندەکانى خوێندنى باڵا و زانکۆکان سودى زانستیان هەبێت، جەختیشى لە پشتیوانى پرۆژەکان کردەوە و ڕایگەیاند هەموو هەوڵێکى وەزارەت بۆسەرکەوتنى پڕۆژەکان دەخەینەگەڕ.
لەلایەن خۆشیانەوە وەفدی میوان سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیان کرد بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژە هاوبەشانەی کە لە بواری خوێندنی باڵادا ئەنجام دراون، بە تایبەت پرۆژەی دامەزراندنی بۆردی ڕاوێژکاری نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی، کە لەم بوارەدا هەنگاوی کردەیی نراوە بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا باشتر ببەسترێنەوە بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان، ئەمساڵیش لە ڕێگەی ئەم بۆردەوە ڕوپێوی پێداویستییەکانی بازاڕی کار ئەنجام دراوە کە لە ئێستادا لە قۆناغی شیکردنەوەی داتاکانداین، رونیشیان کردەوە کە ئەم داتایانە کاریگەریان دەبێت لەسەر ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و بەشە زانستییەکانی زانکۆکان.
هەر لە دیدارەکە ئاماژە بەوە کرا کە لەم ساڵدا پرۆژەی کردنەوەی سێنتەرەکانی پەرەپێدانی توانای کارسازی بە هاوکاری دامەزراوەی (IREX) و زانکۆی (Massachusetts Institute of Technology MIT) دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەکۆتایى دیدارەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی سوپاسی هاوکاری و پشتیوانی حکومەتی ئەمەریکا و کونسوڵگەری گشتی ئەو وڵاتەى لە هەولێر و دامەزراوەی (IREX)ی کرد بۆ هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامیان.