Skip to the content

لەبەرامبەر هاوکارى کردنى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، تاقانەکانى ئەنفال سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا دەکەن

لەبەرامبەر هاوکارى و رەخساندنى دەرفەت بۆ کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفاکراوان و زیندانیانى سیاسى، تاقانەکانى ئەنفال، سوپاس و پێزانین ئاراستەى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەن و ڕایدەگەیەنن، بەهەند وەرگرتن و لەبەرچاو گردنى داوا و داخوازییەکانى نەوەى ئەنفالەکان و تاقانەکان لە وەرگرتنیان لە پڕۆسەى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا جێگەى پێزانینە.

رۆژی سێشەمە ڕێکەوتى ٨ی ئابی ٢٠٢٣، د. ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازى لە ژمارەیەک لە تاقانەکانى ئەنفال لە گەرمیان کرد.

لە وتەیەکدا تاقانەکانى ئەنفال بە گرنگییەوە و باسیان لەو هاوکارییانە کرد کە وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ تاقانەکانى ئەنفال و کەسوکارى شەهیدان و زیندانیانى سیاسى کردوویەتى، بەتایبەت وەرگرتنیان لە خوێندنى باڵا و دابینکردنى کورسى خوێندن بۆیان. راشیانگەیاند:'' کردەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کار ئاسانى زۆرى بۆ تاقانەکانى ئەنفال کەسوکارى شەهیدان کردوە و هەمیشە لە خەمى داواکارییەکانیان بووە، ئەمەش بۆ ئێمە جێگەى دەستخۆشییە و پێشکەشکردنى ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ هەمومان جێگەى شانازییە.''

لەبەرامبەردا د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند:'' تاقانەکانى ئەنفال سیمبولى قوربانى و گیانفیدایی نەتەوەکەمانن و پێویستیان بە هەر پشتگیرى و هاوکارییەک بێت پاڵپشت و پشتیوانیان دەبین بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، بۆ هاوکارییەکانیش وتى: ''ئەوەى کردومانە لەچوارچێوەى بنەما زانستییەکان و جێبەجێکردنى بنەماى شەفافیەتى و دادپەروەرى و هەلى یەکسان بووە بۆ پڕۆسەى خوێندنى باڵا، دابینکردنى کورسى تایبەت لە دەرەوەى پلان بۆ تاقانەکانى ئەنفال و کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیاى سیاسی هاوکارێکى گرنگە بۆ لەبەرچاو گرتنى بارو گوزەرانیان.''