وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنى ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتى کۆریاى باشوور ڕاگەیاند
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگادار دەکاتەوە، وڵاتی کۆریاى باشوور، لە چوارچێوەى هەماهەنگیی وەزارەتی پلاندانان و سەنتەری لێکۆڵینەوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی کۆریای باشوور (KDI School)، چەند کورسییەکی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە بوارەکانی (سیاسەتى گشتى، سیاسەتى پەرەپێدان و بەڕێوەبردنى گشتى و خاوەندارێتیی هزری و سیاسەتی گەشەپێدان) لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریای باشوور تەرخان کردووە، بەم مەرج و ڕێکارانەى خوارەوە.
هەر کەسێک مەرجەکانی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریاى باشوور هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان، دەتوانێت داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکات:
https://www.kdischool.ac.kr/admissions/
ماستەر:
• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥) کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێش پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وەزارەت تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیریی دارایی دەکرێت.
بۆ وردەکاریی زیاتر، تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
دکتۆرا:
• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنیکەم، دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە، بەڵام بۆ دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی، دەبێت بە لایەنی کەم (٥) ساڵ خزمەتی هەبێت.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (٧٠) کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێش پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وەزارەت تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیریی دارایی دەکرێت.
• پێشکەشکردنی ڕاستەوخۆ و تەنیا لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکیی زەمالەکە (کۆریاى باشوور) دەبێت.
بۆ وردەکاریی زیاتر، تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
تێبینی:
- هەر کەسێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێ نادرێت.
- تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاریی زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.