Skip to the content

وەزارەتى پەروەردە نمرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد

نمرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بەهەرسێ بەشى زانستى و وێژەیى و پیشەیى کە ژمارەیان (47629) دەرچووە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوه‌ ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا بەمەبەستى کارکردن لەسەریان لە چوارچێوەى سیسته‌مى زانکۆلاین بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى 28/8/2023 د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازى لە د.ئالان حەمە سعید صاڵح وەزیرى پەروەردە و شاندێکى یاوەرى کرد کە پێکهاتبوون لە بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لە وەزارەتى پەروەردە. لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتيى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە ستافى وەزارەتى پەروەردە کرد لەبەرانبەر باش بەڕێوەبردنى پڕۆسەى ئەزموونە گشتیەکانى قۆناغى دوازده‌ى ئامادەیى بە هەموو بەشەکانیەوە، هاوکات پیرۆزبایى لە دەرچووانى ئەمساڵى خوێندن کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ قوتابیيان و خوێندکاران خواست، لەو چوارچێوەیەشدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: لە ئه‌مڕۆ بەدواوە ئەنجامى تاقیکردنەوە گشتیەکان کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئاراستەى ئێمە کراون کاریان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەست پێدەکرێن بۆ ئەوەى لە زووترین کات پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ زانکۆکان لەڕێگەى سیستمى زانکۆلاینەوە دەست پێ بکات.

لەلایەن خۆشیەوە ئالان حەمە سعید صاڵح وەزیرى پەروەردە لەپاڵ خستنەڕووى داتاکان و وردەکارى ژمارەى قوتابیيان و خوێندکاران، ئاماژەى بە سەرکەوتنى پڕۆسەى ئەزموونەکانى دوازدەى ئامادەیى بە سەرجەم بەشەکان کرد و ئەو میکانیزمانەى شیکردەوە کە وەزارەتەکەى بۆ پڕۆسەى ئەزموونە گشتیيەکان جێبەجێى کردوون.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرایەتيى ئەزموونەکانى وەزارەتى پەروەردە کۆى داتا و ئامارەکانى قوتابى و خوێندکارانى پۆلى دوازدەى ئامادەیى بە زانستى و وێژەیى و پیشەیى لەساڵى خوێندنى (2022-2023) خستەڕوو هاوکات ژمارەى دەرچووانى بەشەکانى زانستى و وێژەیى و پیشەییەکان و ڕێژەى نمرەى بەدەستهاتووی قوتابى و خوێندکاران خرانەڕوو، بۆ ئەوەش بەشداربووانى کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندێکى وردیان لەبارەى ڕێژەى دەرچووان و میکانیزمى تەرخان کردنى کورسى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان کرد.

هەماهەنگى کارى هەردوو وەزارەت بەشێکى دیکەى تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە بوون بەتایبەت بەشدارى مامۆستایان لە پڕۆژەى پێداگۆجى و کردنەوەى خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان و کردنەوەى پەیمانگەى پیشەیی و پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیى بەپێى پێویستيى بازاڕى کارى هەرێمى کوردستان.لەو چوارچێوەیەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگى هاوکارى و هەماهەنگى لە نێوان هەردوو وەزارەت کردەوە بۆ ئەوەش ڕاگەیەندرا لە داهاتوو میکانیزمێک دروست دەکرێت بەمەبەستى هەماهەنگيى کارکردن بۆ جێبەجێ کردنى پڕۆژەکان.