Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا بەسەرکەوتویی کۆتایی بە جێبەجێکردنى پڕۆژەی (APPRAIS) لە زانکۆکان هێنا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیمێد(UNIMED)ی ئیتالی، کۆنفرانسی کۆتایی پڕۆژەی (APPRAIS) بەڕێوەبرد، کە تیایدا جگە لە خستنەڕووى لایەنە جیاکانى پڕۆژەکە، لە ڕێگەى پێشکەشکردنى چەند پانێڵێک باس لە سەرەتاى هەنگاوەکان و ئاڵنگارییەکان و چۆنیەتى جێبەجێکردنى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا.

ڕۆژی دوو شەممە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبونی نوێنەرى وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و یاریدەدەرانیان و ستافى دڵنیایی جۆرى لە شاری هەولێر، دەزگای سەرپەرشتی دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیمێد(UNIMED)ی ئیتاڵىی کۆنفرانسی کۆتایی پڕۆژەی (APPRAIS) بەڕێوەبرد.

لە کۆنفرانسەکەدا د.محەمەد حوسێن، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری وتارى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خوێندەوە و خۆشحاڵى خۆى پیشاندا، كە دوای سێ ساڵ لە کاری بەردەوام، پڕۆژەی ئەپڕایس بەسەرکەوتویی کۆتایی هات.

 لە بەشێکى دیکەى وتارەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باس لە کارنامەى وەزارەت کرا و رایگەیاند: "لەگەڵ دەست بەکاربوونمان لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دەستمان کرد بە دانانی بەرنامەی کاری وەزارەتەکەمان بە مەبەستی زیاتر بەرەو پێشبردنی سیستمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی چوار ساڵەدا کارمان لە سەر جەمسەرە سەرەکیەکانی خوێندنی باڵادا کردوە، لە ناویاندا بەرزکردنەوەی کوالێتى خوێندن بە گشتی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی پڕۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک لە گەڵ گۆڕانکاریەکان و پێشهاتەکانى دونیا و پێویستى بازارى کاری هەرێمی کوردستاندا بگونجێت و دەرفەتى هەلى کار بۆ دەرچووان بڕەخسێنێت". 
 
هەر لە وتارەکەیدا؛ سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری  وتى:''وەزارەتەکەمان بەردەوام هانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانی داوە بۆ ئەوەی سیستەمی خوێندنی پێشویان کە سیستەمێکی تەقلیدی و کۆن بوو؛ بیگۆڕن بۆ بۆلۆنیا پڕۆسێس، هەر بۆ ئەم مەبەستەش کۆنفرانسێکی گەورەمان بۆ جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا پڕۆسێس ئەنجام دا.'' 

لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا میکێلی کامێرۆتا کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێمی  كوردستان دەستخۆشی و ستایشى لایەنە جیاکان بۆ تەواوکردنى ئەو پڕۆژەیە، بە بایەخەوە باسى لە پێویستى و هەماهەنگى و هاوکارى زانستى نێوان زانکۆکانى وڵاتەکەى و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد بۆ پێشخستنى بوارى خوێندن و سود وەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر، بۆ ئەوەش پشتیوانى کونسڵگەرى وڵاتەکەى بۆ ئەو پرۆسەیە دوپاتکردەوە.