Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: خوێندنى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان بکرێت بە پرسێکى نیشتمانى

بە ئامانجی برەودان بە خـوێندنی پیشەیی لە ناوەندە زانسـتییەکانـدا و کارکـردن بۆ بەهێزکردنی تواناکـان لە بواری تەکنـەلۆژیا و گەیــاندن، ڕۆژی یەکشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2023، بە ئامادەبوونى د.ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و "لیۆ ژێنیۆنگ" کونسوڵى گشتىی وڵاتى چین بە وەکالەت و بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و مامۆستایانى زانکۆ و قوتابیان و خوێندکاران، وەزارەتی خـوێنـدنـی باڵا و تـوێژینـەوەی زانستی، بە هـاوبـەشی لەگەڵ کـۆمپــانیــای هواوی بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییـەکان سیمپۆزیۆمی هاوبەشی بۆ خوێندنی پیشەیی و تـەکنەلۆژیای زانیـاری و گەیاندن بەڕێوەچوو.

لە میانەى پێشکەشکردنى گوتەیەکدا، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: "ئاراستەى کارکردنى وەزارەتەکەمان لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم، پێگەیاندنى کادیرى پێویستە بۆ بازاڕى کارى کوردستان، بە شێوەیەک خاوەن کارامەیی بن و بتوانن تواناکانیان بۆ خزمەتى سێکتەرە جیاوازەکان بەکاربهێنن، بۆ ئەمەش پێویستمان بە گۆڕانکارى بنەڕەتی هەیە لە فەلسەفەى خوێندن و ناوەرۆکی پرۆگرامەکان و ئاکامەکانی پڕۆسەی خوێندن و ڕاهێنان و ڕووپێوی بەردەوامی پێداویستییەکانی بازاڕی کار."

هەر لە گوتەکانیدا د.ئارام محەممەد قادر، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، "وەزارەتى خوێندنى باڵا کار دەکات بۆ دانانى ستراتیژ و پلان بۆ فراوانکردنى پانتایى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان، چونکە لە ئێستادا بازاڕى کارى کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستى بە کادیرى تەکنیکى و پیشەیى هەیە، بۆیە پەرەپێدانى هەرێمەکەمان بەبێ بوونى توێژێکى کارا لە کادیرانى تەکنیکى کارێکى ئەستەمە."

هاوکات گوتیشى: ئاییندەى بازاڕى کار و گەشەکردنى ئابورى، پەیوەندیدارە بە تەکنەلۆجیاى زانیارى و زیرەکىی دەستکرد و گەشەکردنى تەکنەلۆجیا، بۆیە پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەى لە زانکۆکان گرنگى بەم کارانە بدرێت."

هەروەها پشتیوانىی کۆمپانیاکەشى دووپات کردەوە بۆ پرۆژەى داتاسێنتەرى تایبەت بە سەرچاوە زانستییەکان و بەهێزکردنى ژێرخانى ئەلیکترۆنىی خوێندنى باڵا، کە لە ئێستادا بۆ دروستکردنى ئەکادیمیایى ئایتى لە ژمارەیەک زانکۆ کراوەن و بەهیواین لە زانکۆکانی دیکەش بکرێنەوە. کە ئامانج لە دروستکردنى ئەکادیمیاى ئایتى پەرەپێدانى تواناکانى کۆمپیوتەر و ئایتییە لە زانکۆکانى کوردستان."

لە کۆتایى گوتەکانیشیدا وەزیرى خوێندنى باڵا، ئاماژەى بە گرفتەکانى خوێندنى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان کرد بەتایبەت گۆڕینى ئەو بەها و نۆرمانەى پێویستە لە کۆمەڵگە بگۆڕدرێن، جەختیشى کردەوە، کە "پێویستە ئەم پرسە بکرێت بە پرسێکى نیشتمانی، گوتیشى: هیوادارین لە کابینەکانى داهاتوو وەک پرسێکى گرنگ و ستراتیژی سەیر بکرێت و ڕۆڵى وەزارەتەکانى دیکەش دیارى بکرێت بەو هۆیەى ئەم خوێندنە بۆ داهاتووى ئێمە و کۆمەڵگە گرنگن، وا بکرێت ئەکادیمیا ڕۆڵى خۆى ببینێت و بەشدار بێت لە دیبەیت و گفتوگۆکانى کۆمەڵگە."

هەر لەمیانەى کارەکانى سیمپۆزیۆمەکەدا د.محەممەد حوسێن، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و لیۆ ژێنیۆنگ، کونسوڵى گشتیی وڵاتى چین بە وەکالەت و رافد ئەلخەفاجى، جێگرى بەرێوەبەرى کۆمپانیاى هواوى لە عێراق، تیشکیان خستە سەر پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا.

دواتریش لە دیبەیتێکدا گرنگىی خوێندنى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان، گفتوگۆى لەبارەوە کرا و تیشک خرایە سەر گرنگترین بەربەستەکان و چۆنییەتیی داڕشتنى پڕۆگرامێکى مۆدێرن بۆ پەیمانگە پیشەییەکان و دیارىکردنى ستراتیژى خوێندنى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى سیمپۆزیۆمەکەدا بڕوانامە و خەڵاتى بەشدارىکردن و بەدەستهێنانى پلەکانى پێشەوە لە کێبڕکێکانى تەکنەلۆژیاى زانیارى کە لەلایەن کۆمپانیاى هواوى ڕێکخرابوو، دابەش کران و سوپاس و پێزانینى وەزارەتى خوێندنى باڵا، پێشکەش بە تیمى کۆمپانیاى هواوى لە هەرێمى کوردستان کران، لە کۆتاییشدا یاداشتێکى لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کۆمپانیاى هواوى بۆ بەهێزکردنى ژێرخانى ئەلیکترۆنىی خوێندنى باڵا واژوو کرا.