کونسوڵى گشتی بەریتانیـا پشتیوانى لە پرۆژە زانستییەکانى وەزارەتى خوێندنى بـاڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت:''لەبوارى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان و خوێندنى باڵا، وەزارەتەکەمان چەندین پڕۆژەى زانستى هاوبەشى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى وڵاتى بەریتانیا هەیەو بەردەوامى پێدەدات.''
ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٣، لەمیانى پێشوازی کردنى هات لە رۆزی کەیڤ، کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان.
لە کۆبونەوەیەکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان، باسى لە ئەرک و کارى هاوبەشى زانکۆکانی بەریتانیا لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان کرد.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى پیرۆزبایى لە کونسوڵى نوێ، باسى لە پەیوەندییەکانى حکومەت و گەلى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا کردو وتى:''لەقۆناغى داهاتوو دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستێکى فراوانتر پەرەپێ بدەین، بەو پێیەى وەزارەتەکەمان لە ڕابردوودا زۆرترین پڕۆژەى زانستی هاوبەشى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى بەریتانیا هەبوە و زۆرترین وەبەرهێنانی زانستی لە بوارەکانی پەرەپێدانی تواناکان و توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆری ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکانی بەریتانیا هەبووە.''
د. ئارام محمد قادر هیوای خواست کە ئە پوەیوەندییە زانستییانە فراوانتر بن و بوارە جیاجیاکانی تایبەت بەگەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا لەخۆ بگرێت و دوپاتیکردەوە، بەشێکى گرنگ و ستراتیژى کارى و بریتیە لە فراوانکردنى پانتایى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری ڕەهەندی نێودەوڵەتی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و گوتی :''لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ دامەزراوەی (British Council) هەماهەنگی تەواومان هەیە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای کاری هاوبەش بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە تایبەتە بە پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکان لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی وڵاتی بەریتانیا.''
هەر لەم دیدارەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فەرمانی وەزاری کردنەوەی "لقی زانکۆی (University of London) لە شاری هەوڵێر" ڕادەستی کونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد و جەختی کردەوە کە لقی زانکۆی ناوبراو دەبێت لە چوارچێوەی سەرجەم بڕگەو مادەکانی ڕێنمایی ژمارە (١) ی ساڵی (٢٠٠٩) ی تایبەت بە کردنەوەی لقی زانکۆی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان-عێراق کارەکانی ڕێک بخات.
لای خۆیەوە کونسوڵی گشتی بەریتانیا خۆشخاڵی خۆی دەربڕی بۆ وەرگرتنی فەرمانی کردنەوەی لقی زانکۆی (University of London) لە شاری هەوڵێر و بەڵێنی دا کە پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت بۆ پاراستنی ئاست و کواڵتی خوێندن لە لقی زانکۆی ناوبراو و پابەندبوونیان بە یاساو رێنماییە کارپیكراوەکان لە هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە کونسوڵی گشتی بەریتانیا خۆشخاڵی خۆی دەربڕی بۆ وەرگرتنی فەرمانی کردنەوەی لقی زانکۆی (University of London) لە شاری هەوڵێر و بەڵێنی دا کە پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت بۆ پاراستنی ئاست و کواڵتی خوێندن لە لقی زانکۆی ناوبراو و پابەندبوونیان بە یاساو رێنماییە کارپیكراوەکان لە هەرێمی کوردستان.