نۆیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى ئەندازیارى زانکۆکانى پۆلیتەکنیکى هەولێر و تیشک دەستى بەکارەکانی کرد
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - رۆژی چوارشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣، نۆیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى ئەندازیارى زانکۆکانى (پۆلیتەکنیکى هەولێر و تیشک) بە ئامادەبونى د.عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا د.عبدالفتاح عبدالرزاق، بە گرنگیەوە باسى لە کۆنفرانسى زانستى کرد و وتى:''کۆنفرانسە زانستیەکان لە چەندین ڕوەوە گرنگى و بایەخى خۆیان هەیە، چونکە لەگەڵ ئەوەى وێنەیەکى جوانى زانکۆکان پیشان دەدەن، لەهەمان کاتدا کاریگەرى بەرچاوى لەسەر بزاوت و چالاکى توێژینەوەى زانستى دەبێت، هەروەک ڕێگەیەکیشە بۆ کۆکردنەوەى ئەقڵەکانى کۆمەڵگە بۆ گفتوگۆکردن و خستنەڕو و دواتر چارەسەرکردنى گرفتەکانى کۆمەڵگە.''
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەگرفتەکانى جیاکانى کۆمەڵگە و ئەو ئاڵنگاریانە کرد، کە ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان دەبنەوە، بۆ ئەوەش وتى:''هەرێمەکەمان ڕووبەڕووى کۆمەڵێک گرفتى جۆراوجۆر بۆتەوە، لەوانە گرفتى (کارەبا، بەبیابانبون، پیسبونى ژینگە، سەرچاوەکانى ئاو، ئاوەڕۆ، ڕێگەوبان) و چەندانى دیکە، هەموو ئەمانەش لە ڕێگەى پێشنیاز و توێژینەوەى ئەندازیاران دەتوانرێ چارەسەریان بۆ بکرێت.
د.عبدالفتاح عبدالرزاق ڕاشیگەیاند:''پێویستە ئەندازیاران کەلتورێک لە کۆمەڵگە بڵاوبکەنەوە کە هاوڵاتیان و تەنانەت دامەزراوە جیاکانى حکومەتیش لەکاتى دروستکردنى خانو و باڵەخانە پشت بەو کەرەستە و پێداویستیانە ببەستن کە کەمتر لەوەرزەکان هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان پشت بەئامێرەکانى گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە ببەستن، هیواشى خواست لە دیزاینى خانو و باڵەخانەکاندا ئەندازیاران وردتر ڕەچاوى تایبەتمەندى شارنشینى و کەلتورى شارەکان بکەن.''
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە د. ئیدریس هەرکى، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و د. ئیدریس هادى سەرۆکى زانکۆى تیشک بەجیا وتاریان پێشکەشکرد، لە وتارەکانیاندا باسیان لەلایەن جیاکانى کۆنفرانسەکە و چۆنیەتى پەرەپێدانى ئاستى زانستى زانکۆکانیان لە بوارە جیاوازەکان کرد.
لە نۆیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى ئەندازیارى، کە بەهاوبەشى لە نێوان زانکۆکانى (پۆلیتەکنیکى هەولێر و تیشک) و، بەئامادەبونى ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و لێپرسراوانى حکومى و حزبى و، توێژەران لە هۆڵەکانى هۆتێل شیراتۆن لە شارى هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد، بڕیارە بۆ ماوەى دو ڕۆژ بەردەوام بێت، کە تیایدا لە ڕێگەى (٨) پانێڵێ جیا، توێژەران لە زانکۆکانى (١٠) وڵاتى جیهان (٥٣) توێژینەوەى زانستى لە بوارە جیاکانى ئەندازیارى بخەنەڕو و گفتوگۆیان لەبارەوە بکەن.