Skip to the content

بەردى بناغەى سەنتەرى چالاکیی خوێندکاران لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دانرا

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - سەنتەری چالاكیی خوێندكاران لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر دەكرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییش ڕایدەگەیەنێت: "پشتگیری كردنەوەی ئەو سەنتەرانە لە زانكۆكاندا دەكات".

بە ئامادەبوونى د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و د. ئیدریس هەرکى، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردى بناغەى سەنتەرى چالاکیی خوێندکاران لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دانرا.
 
لە گوتەیەکدا بریکارى وەزارەت به‌ ناوى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى بۆ ده‌سپێكردنى پڕۆژه‌ی سه‌نته‌رى چالاكیی قوتابییان و خوێندکاران ده‌ستخۆشى له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر کرد؛ گوتی: "پڕۆسه‌ى پێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنى نه‌وه‌كانمان له‌ گشت قۆناغه‌كانى ژیان پێویسته‌ كارى شێلگیرانەی له‌سه‌ر بكرێت، هه‌ر له‌ قۆناغه‌كانى سه‌ره‌تایى و ئاماده‌یى تا‌كوو زانكۆ. به‌ڵام هه‌رده‌م قۆناغى زانكۆیى به‌ گرنگترین قۆناغه‌كانى ژیانى گه‌نجەکانمان داده‌نرێت،  له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م قۆناغه‌ قۆناغى پێگه‌یاندنى هزرى و بنیاتنانى كه‌سایه‌تییانه‌، هه‌روه‌ها قۆناغى كۆتاییه‌ له‌ ئاماده‌كردن و پێگه‌یاندنیان پێش گواستنه‌وه‌یان بۆ كۆمه‌ڵگە به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بتوانن خزمه‌تى هەرێمەکەمان بكه‌ن."
 
لە درێژەى گوتەکەیدا بریکارى وەزارەت ئاماژەی بەوە دا "نه‌بوونى سه‌نته‌رێك بۆ چالاكیی قوتابیان و خوێندکاران له‌ زانكۆكانمان، بۆشاییەكی گه‌وره‌ له‌ ژیانى زانكۆییان دروست ده‌كات و دەرفەتێکى گه‌وره‌یان بۆ په‌ره‌پێدانى ئاستى مه‌عریفى و هزرى و توانا و كارامه‌یی و ده‌سته‌به‌ركردنى حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیان لەدەست دەچێت." گوتیشى: "زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هەولێر  یه‌كه‌م زانكۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم ده‌ست به‌ پڕۆژه‌ى دروستكردنى سه‌نته‌رى چالاكیی قوتابیان ده‌كات، ئێمه‌ش له‌ وه‌زاره‌ت هه‌موو پشتگیرییه‌كى ئه‌و پرۆژانە ده‌كه‌ین."
 
بریکارى وەزارەت دووپاتیکردەوە "زانكۆ ته‌نها شوێنێک نییە بۆ كۆكردنه‌وه‌ى مامۆستا و قوتابی دوور له‌ كۆمه‌ڵگە به‌ وه‌رگرتنى وانه‌ى زانستى، به‌ڵكو به‌ گرنگترین قۆناغه‌كانى فێربوون داده‌نرێت بۆ به‌ده‌ستهێنانى كارامه‌یى جیاجیاى زانستى و هزرى و مه‌عریفی و كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌گه‌ڕخستنى تواناكانیان بۆ ژیانى پراکتیکى و په‌ره‌پێدانى گیانى هه‌ماهه‌نگى و سه‌ركردایه‌تیكردن و كارى هاوبه‌ش."
 
"پێویسته‌ سه‌نته‌ره‌كانى چالاكیی قوتابیان و خوێندکاران  ناوەندێک بێت بۆ ئه‌وه‌ى قوتابی تیایدا بتوانێ له‌پاڵ خوێندنى زانكۆیى، به‌شداریی كۆمه‌ڵێك له‌و كارامه‌ییانه‌ به‌ده‌ستبهێنێت که‌ دواتر له‌ ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ژیانى كرداره‌كى له‌ بازاڕى كاردا پێویستییەتی. هەروەها پێویسته‌ ناوەندێک بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت زیاتر په‌ره‌ بە په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى و ئاره‌زووه‌كانى له‌ بواره‌ جیاجیاكان بدات."