Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی پلانى ستراتیژى بۆ ساڵى ٢٠٢٣ ڕادەگەیێنێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پلانى ستراتیژى وەزارەت بۆ ساڵى ٢٠٢٣ ڕادەگەیێنێت، کە ئەولەویتى کارکردن لەمساڵدا فراوانکردنى مەوداى خوێندنى تەکنیکى و پیشەییە لە هەرێمى کوردستان و ئامادەکردنى ڕێنماییەکانى تاقیکردنەوەکان، سەنتەرى ڕاوێژکارى قوتابیان و خوێندکاران، هەروەها داڕشتنەوەى  سیاسەتى وەزارەت بۆ بە ڕاسپاردنى زانکۆکان بەمەبەستى ئەنجامدانى ڕووپێوى بازاڕ و گونجانى لەگەڵ پرۆگرامەکانى خوێندن.
 
رۆژی سێشەمە ڕێکەوتى ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتى د. ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت بۆ جێبەجێکردنى پلانى ستراتیژى وەزارەت بۆ ساڵى ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند:''ئەولەویەتى کارکردنمان بۆ ئەمساڵ بریتىی دەبێت لە پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى و بەردەوامى ڕێفۆرمى خوێندنى باڵا و بەستنەوەى زیاترى ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن بە پێداویستییەکانى بازاڕى کار.'' ئاماژەشی بە دواین ئامادەکارییەکانى خوێندنى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا بۆ ئەمساڵ کرد و فەرمانگەى تایبەتمەندى ڕاسپارد بۆ خستنەڕوى دواین ئامادەکارییەکان.
 
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئامادەکردنى ڕێنماییەکانى تاقیکردنەوەکان و سەنتەرى ڕاوێژکارى قوتابیان و خوێندکاران و گرانتى توێژینەوەى زانستى و ئەنجامدانى کۆنفرانسە زانستییەکان بەتایبەت لەبوارى TVET و پرۆگرامەکان و یاسا و بابەتەکانى تر تاوتوێکرا.
 
لەبارەى گرنگى ئەنجامدان و پاڵپشتى کردنى توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە:''دەبێت هەمیشە ئەو ڕاستیەمان لەپێش چاو بێت کە توێژینەوەى زانستى سەرچاوەى گەشەپێدانى هەمەلایەنەى وڵاتەکەمانە، گەشەکردنى ئابورى، سیاسى و کۆمەڵایەتى هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بەتوێژینەوەى زانستى ببەستێت، بۆیە ئێستا لە هەمو کات زیاتر سێکتەرە جیاوازەکانى هەرێمەکەمان و کێشەکانمان پێویستى بەڕێنوێنى توێژەرەکانمانە، زانکۆکان و توێژەرەکانمان دەبێت هاوکار بن لە چارەسەرکردنی ئەوپرسانەی کە لەسەر ئاستی نیشتمانی پێویستیان بە توێژینەوەى زانستیی هەیە.''