Skip to the content

سەنتەرى هواوى ئەکادیمى سەپۆرت لە زانکۆى سەڵاحەدین کرایەوە

لە ڕێورەسمى کردنەوەى یەکەمین سەنتەرى هواوى ئەکادیمى سەپۆرت لە زانکۆى سەڵاحەدین کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى گشت ئەکادیمییەکانى عێراق دەکات، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڵێنى بە دەرچوانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیى دا کە بۆ ساڵى نوێى خوێندنى ٢٠٢٣-٢٠٢٤ هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو کاردەکەن بۆ ئەوەى زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى لە زانکۆکان بۆ کوڕان و کچان بڕەخسێنن.

ڕۆژی سێشەمە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٣، بە ئامادەبونى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین - هەولێر یەکەمین سەنتەرى هواوى ئەکادیمى سەپۆرت کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى گشت ئەکادیمییەکانى عێراق دەکات کرایەوە.
 
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کارەکانى هواوى بە هاوکارى زانکۆکانى کوردستانى بەرزنرخاند بۆ ڕاهێنانى خوێندکاران و قوتابییان و ڕەخساندنى هەلى کار بۆیان، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند '': لەسەر ئاستی وەزارەت بۆردێکی باڵامان پێکهێناوە بەمەبەستى هەماهەنگی و کارکردن لەگەڵ هواوی کە بە سوپاسەوە کاری زۆر باشیان کردوە لە بواری هەماهەنگی و کاری هاوبەش.''

د.ئارام محەمەد ، ئاماژەى بە کارەکانى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ''بە پاڵپشتى هەموو لایەک لە ماوەى چوار ساڵدا توانیمان زۆرترین پرۆژەى زانستى و ئەکادیمى لە زانکۆکانى کوردستان جێبەجێ بکەین و وەزارەت بکەین بە مینبەر و ماڵى هەموو فێرخوازان و قوتابیان و خوێندکارانى کوردستان و هەمیشە ببینە داکۆکیکارى سەرەکى پاراستنى مافى گشت چین و توێژەکانى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان.''
 
لە ڕێوڕەسمەکدا هەریەک لە بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین- هەولێر و ڕاوێژکاران و جێگرى کونسوڵى چین لە هەولێر و جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای هواوی لە عێراق و بەڕێوەبەری پەیوەنییەکانی کۆمپانیای هواوی لە هەرێمى کوردستان ئامادەی بوون.
 
بەپێى ڕێکەوتنى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکان و کۆمپانیاى هواوى چینى، ژمارەی ئەکادیمیەکانى هواوى لە هەرێمى کوردستان گەیشتە ١٢ ئەکادیمیا و لە ئێستاشدا زیاتر لە ٥٠٠ خوێندکار و قوتابى بەشدارن لە کۆرسەکانیICT  و وانە دەخوێنن.