لەبەرامبەر ئاسانکارى بۆ کەسوکارى شەهیدان، وەزیرى شەهیدان سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا دەکات
رۆژی چوارشەمە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٣، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازى لە عەبدوڵا حاجى مەحموود، وەزیرى کاروبارى شەهدیان و ئەنفالکراوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد.
لە وتەیەکدا وەزیرى شەهیدان تیشکى خستەسەر ئەو هەماهەنگى و کارە هاوبەشانەى لەنێوان هەردوو وەزارەتدا هەیە و بە گرنگیەوە و باسى لەو هاوکاریانە کرد کە وەزارەتى خوێندنى باڵا لە ڕێگەى وەزارەتى شەهیدان بۆ کەسوکارى شەهیدان کردویەتى بەتایبەت لە خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا و لێخۆشبونیان لە کرێى خوێندن و دابینکردنى کورسى خوێندن بۆیان و وەرگرتنیان.
عەبدوڵا حاجى مەحموود ڕایگەیاند:'' وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کار ئاسانى زۆرى بۆ کەسوکارى شەهیدان کردەوە و هەمیشە لە خەمى داواکارییەکانیان بووە، ئەمەش بۆ ئێمە جێگەى دەستخۆشییە و پێشکەشکردنى ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ هەمومان جێگەى شانازییە.''
لەلایەن خۆیەوە د.ئارام محەمەد، ڕایگەیاند:''ئەوەى کراوە لەچوارچێوەى بنەما زانستییەکان و جێبەجێ کردنى بنەماى شەفافیەت و دادپەروەرى و هەلى یەکسان بووە بۆ پڕۆسەى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و دابینکردنى کورسى تایبەت بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیاى سیاسی هاوکارێکى گرنگە بۆ لەبەرچاو گرتنى بارو گوزەرانیان.''
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی:'' ئێمە لەچوارچێوەى خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان و بارودۆخى ئێستاى هەرێم، بە لەبەرچاوگرتنى بنەما زانستییەکان بڕیارەکان لەئەنجومەنى وەزارەت دەردەکرێن و ئەو بڕیارانەشى بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى دراون دانەوەى قەرزێکى کەمى ئەو خەبات و قوربانییە کە لەپێناو وڵاتەکەمان بەخشیوە.''