Skip to the content

گۆڤاری ئارۆ لە زانکۆی کۆیە وەکوو یەکەم گۆڤاری زانستی لە کوردستان ئیندێکسی ئیمپاکت فاکتەری بەدەستهێنا

گۆڤاری ئارۆ، بوو بە یەکەم گۆڤار لە هەرێمی کوردستان کە ئیمپاکت فاکتەر بەدەست بهێنێت و لە سەرووی ئەو شەش گۆڤارەی عێراقە کە ئەو ئیندێکسەیان وەر گرتووە. 

گۆڤاری ئارۆ، کە گۆڤارێکی زانستیی تایبەتە بە ئەندازیاری و زانستەکان و لە ساڵی ٢٠١٣وە دامەزراوە. یەکەم گۆڤار بوو لەسەر ئاستی عێراق ژمارەی DOIی بۆ توێژینەوەکانی دانا. هەروەها یەکەم گۆڤار بوو لەسەر ئاستی عێراق ئیندێکسی (DOAJ)ی بەدەست هێنا. جگە لەوانەش، ئارۆ یەکەم گۆڤاری عێراق بوو، مۆڵەتی سەرچاوەی کراوەی بەکار هێنا کە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە دان پێدانراوە (Creative Common Attributes). 

هاوکات گۆڤاری ئارۆ دوای سێ ساڵ لە دامەزراندنی و لە ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن کۆمپانیای (The Web of Science Core CollectionTM- Clarivate Analytics) وەکوو یەکەم گۆڤار لە مێژووی عێراقدا ئیندێکس کرا.

گۆڤارەکە لە ماوەی نێوان ساڵی ٢٠١٦-٢٠٢٠ لەژێر چاودێریی چڕی (Clarivate Analytics) بوو و لەو ماوەیەدا ژمارەی توێژینەوەکانی بەرز بووەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئامادە بێت بۆ بەدەستهێنانی ئیمپاکت فاکتەری (IF = 0.6) و ئەوە بوو لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە وەشاندنی (JCR .2022) بوو بە یەکەم گۆڤار لە هەرێمی کوردستان کە ئیمپاکت فاکتەری (IF = 0.6) بە دەست بهێنیت و یەکەمی سەر ئەو شەش گۆڤارەی عێراق کە توانییان ئەو ئیندێکسە وەربگرن".

گۆڤاری ئارۆ، گۆڤارێکی ئەکادیمیی زانکۆی کۆیەیە و تایبەتە بە زانستەکانی ئەندازیاری و زانست و ساڵی دوو ژمارە بڵاو دەکاتەوە. یەکەم ژمارەی گۆڤاری ئارۆ کە شەش توێژینەوەی لەخۆ دەگرت لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاو کراوەتەوە.

گۆڤاری ئارۆ، تاکوو ئێستا ٢٠ ژمارە و ٢٢١ توێژینەوەی زانستیی توێژەرە ناوخۆیی و بیانییەکانی بڵاو کردووەتەوە. 

لینکی گۆڤاری ئارۆ:
aro.koyauniversity.org