وەزارەتى خوێندنى باڵا پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆکانى ڕووسیا پتەو دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى ١٤ى حوزەیرانی ٢٠٢٣، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازیی له دیمیتری بێسپالۆڤ، سەرۆکى زانکۆى باکوورى قەوقاز و یاریدهدهری سهرۆكی زانكۆ بۆ پهیوهندییهكانی دهرهوه و ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە ههرێمی كوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتیی وەزارەت ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵا بەخێرهاتنى سەرۆکى زانکۆى قەوقاز و کونسوڵى ڕووسیا و وەفدى یاوەرى کرد بۆ هەرێمى کوردستان و دووپاتی کردەوە "پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى وڵاتى ڕووسیا دەگەڕێتەوە بۆ پێدانى سکۆلەرشیپى ساڵانە بە خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و قوتابیان لە نێوان هەردوو لا". هەروەک گوتیشى "بۆ داهاتوو مەبەستمانە ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى ڕووسیا فراوانتر بکەین"، بۆ ئەمەش ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی لەگەڵ ئەو وڵاتە پێشان دا.
سەبارەت بە پەرەپێدانى بوارى پیشەیى و تەکنیکى لە کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە وەفدى زانکۆى باکوورى قەوقاز کرد هاوکاریى دامەزراوە زانستى و ئەکادیمییەکان بن بۆ ئەوەى بتوانن سوود لە ئەزموون و تواناى وڵاتى ڕووسیا وەربگرن.
شاندی زانکۆى باکوورى قەوقاز و کونسوڵى ڕووسیا پشتیوانىی خۆیان بۆ پرۆژە زانستى و ئەکادیمییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کوردستان دووپات کردەوە؛ ڕایان گەیاند "لە میانى سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان، سەردانى بەشێک لە زانکۆکانى کوردستانیان کردووە و لە نزیکەوە ئاگادارى پرۆژە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان بوونە و لەگەڵ چەند زانکۆیەک بەرنامەى کۆنفرانسى زانستیى هاوبەش داڕێژراوە.