Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێکارەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان بڵاو کردەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، گرنگترین ڕێکارەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە؛ لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیى خوازیاران و بەدیهێنانى شەفافییەت و دادپەروەرى و هەلى یەکسان لە پرۆسەى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى (١٢/٦/٢٠٢٣) کاتژمێر (11)ى بەیانى، ڕەچاوى ئەم خاڵانەى خوارەوە بکرێت:

١- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لەنێو کۆلێژدا هەڵەچنین (تصحیح) بکرێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت ببرێتە دەرەوەى زانکۆ.
٢- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە هەر بەشێک یان کۆلێژێک، لە هۆڵێکی ئامادەکراو هەڵەچنینی بۆ بکرێت.
٣- ماوەى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمی (3) سێ کاتژمێر دەبێت، هەروەها بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و ماستەر و دکتۆرا ماوەکە (4) چوار کاتژمێر دەبێت.
٤- وەڵامدانەوەى پرسیارى تاقیکردنەوە تەنیا بە قەڵەم جافى ڕەنگى شین دەبێت، لە پێناو نەبوونى جیاوازى لە پەڕاوى تاقیکردنەوەى پێشکەشکاران، پێویستە لە لایەن زانکۆکانەوە قەڵەم جافى ڕەنگى شین بۆ پێشکەشکاران دەستەبەر بکرێت.
٥- ڕێگە بە بردنە ژوورەوەى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن و تەکنەلۆژیا بۆ نێو هۆڵى تاقیکردنەوە نادرێت، وەکوو (مۆبایل و کاتژمێری زیرەک و ..هتد).
٦- پێویستە هەر پرسیارێک لەسەر پەڕاوێکى جیاواز وەڵام بدرێتەوە.
٧- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەکان ئامادە بن بۆ ئەوەى لە هەر کاتێکى پێویست لیژنەى تایبەت لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ بکات بە مەبەستى وردبینی و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنى گشت ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان.
٨- پێویستە بەشداربوو تەنیا وەڵامى پرسیارەکان لە پەڕاوى تاقیکردنەوە بنووسێت و نابێت هیچ (ئاماژە و هێمایەک...هتد) تێدا بنووسێت، بە پێچەوانەوە بە گزى (غش) هەژمار دەکرێت و بە پێى ڕێنماییەکاتى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
٩- پێویستە بەشداربوو پابەند بێت بە ڕێکارەکانى لیژنەى سەرپەرشتیى تاقیکردنەوەکان و چاودێرەکانى هۆڵى تاقیکردنەوە، بە پێچەوانەوە بە پێى ڕێنماییەکانى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
١٠- پێویستە بەشداربوو یەکێک لە بەڵگەنامە ڕەسەنەکانى وەکوو (ناسنامەى بارى شارستانى، ڕەگەزنامە، کارتى نیشتمانى، پاسپۆرت)ى پێ بێت.