سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بۆ تەکنەلۆژیاى پزیشکى و بایۆلۆژى لە دهۆک بەڕێوە چوو
ڕۆژى چوارشەممە، ڕێکەوتى ٨ى ئاداری ٢٠٢٣، سێیەمین کۆنفرانسى زانستیی نێودەوڵەتى بۆ تەکنەلۆژیاى پزیشکى و بایۆلۆجى زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و زانکۆی (فورات الاوسط) بەڕێوە چوو.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تێیدا ڕایگەیاند: "سەرجەم زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگی بکەن بۆ دانانی ڕێوشوێنی زانستیی گونجاو بۆ پاراستنی ئیتیک و ئاکار و کوالیتیی توێژینەوەکان. گرنگە توێژەرانمان خۆیان بپارێزن لەو کارە نائیتیکییانەی کە زیان بە پاکییەتیی ئەکادیمیی وڵاتەکەمان دەگەیەنێت. دەبێت ئێمە نایابی توێژینەوە زانستییەکان بکەینە ناسنامەی ئەکادیمیای وڵاتەکەمان".
لە درێژەى گوتەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا گوتیشى: "گرنگە توێژەرانی وڵاتی ئێمە پەیوەندیی توندوتۆڵیان لەگەڵ کۆمەڵگەو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و پیشەسازی هەبێت و گرفتەکانی کۆمەڵگەی خۆمان بکەینە پرسیاری توێژینەوەی زانستی و بە میتۆدی زانستی چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە".
لە بەشێکى دیکەى سێیەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى بۆ تەکنەلۆژیاى پزیشکى و بایۆلۆژیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و زانکۆی (فورات الاوسط)، د. ئارى عادل، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکیی دهۆک، لە گوتەیەکدا جەختى لە کارى گرنگى کۆنفرانسەکە کردەوە، بە مەبەستى هەماهەنگى و کارى هاوبەشى توێژینەوە لەنێوان زانکۆکانى هەرێم و ناوچەکانى دیکەى عێراق و بایەخدانى زیاتر بە توێژینەوە هاوبەشەکان لە سەرجەم بوارەکاندا کە لە کۆى ٢٠٨ توێژینەوە، ١١٦ توێژینەوەى زانستى لەلایەن لیژنەى ئامادەکارى کۆنفرانسەوە پەسەند کراون و پێشکەش دەکرێن.
سەرۆکى زانکۆى (فورات الاوسط)، سوپاس و دەستخۆشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم و زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک کرد، بۆ ڕێکخستنى کۆنفرانسەکە و ڕایگەیاند: "ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکى گرنگە بۆ کۆکردنەوەى توێژەرانمان و خستنەڕووى توێژینەوە هاوبەشەکانیان، بە شێوەیەک خزمەت بە کایە جیاوازەکان بکات".