Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتی فیدراڵ کۆبۆوە

بەمەبەستى گفتوگۆکردن لە بارەی پرسی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی بروانامەی باڵا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکى هاوبەش، د.ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ئامادەبوونى سیراج بارزانى، سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەی حکومەتى هەرێمی کوردستان، لە دیوانی لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ مەحمود محەمەد عەبد، سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.
 
کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممە ڕێکەوتى ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣، بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند کە مەبەستیانە پێکەوە هەماهەنگی زیاتریان هەبێت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری شایستە بۆ گەنجانی وڵات و سوود لە توانای گەنجەکان وەربگیرێت بۆ گەشەپێدانی وڵات و ڕێگری لە کۆچی هزرو توانای گەنجان کە گرنگترین سەرمایەی وڵاتن.
 
د.ئارام محمد قادر، دوپاتی کردەوە کە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا، کەسانی لێهاتوو و سەرکەوتوون و هەموو  ژیان و سەرمایەی خۆیان بۆ گەشەپێدانی لایەنی زانستی و ئەکادیمی تەرخان کردووە، بۆیە شایەنی دامەزراندن و هەلی کاری شایستە و سەقامگیری ئابوورین.
 
سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتی فیدراڵی عێراق، ئاماژەى بە کاروبارە یاسایی و کارگێڕییەکانى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتی فیدراڵ کردو ڕایگەیاند: ''هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەنجومەنی ڕاژەی هەرێمی کوردستان دەمانخاتە سەر ڕێچکەى چارەسەرى زۆرێک لەو بابەت و پرسە هاوبەشانەى لە نێوان هەردوولادا هەیە کە پێویستیان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن هەیە، بەمەبەستى خزمەتکردن بە دەرچووان و سود وەرگرتن لە تواناو پسپۆڕییەکانیان.''
 
لە کۆبونەوەکەدا بڕیار درا کە ڕێکاری یاسایی و کارگێری و تەکنیکی  گونجاو بگیرێتەبەر بۆ هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە گەڵ ئەنجومەنی ڕاژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی ڕاژەی حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئەوەی دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا، بتوانن لە دەرفەتەکانی دامەزراندن بۆ پلە وەزیفییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سودمەند بن.