بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشوازیکرد لە وەفدێکى زانکۆى گلازگۆى بەریتانیا
د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبونی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان، پێشوازیکرد لە وەفدێکی زانکۆی گلازگۆی بەریتانیا کە پێكهاتبوون لە د.مایکڵ ئۆزبۆرن بەرپرسی خوێندن و توێژینەوە لە بەشی زمان و پەروەردە، د.برایەن باریت لە بەشی جوگرافیا و زانستی زەوی، د.مێری ڕاین بەرپرسی پارتنەرشیپ و توێژینەوەی نێودەوڵەتی، د.یولیانا پسپۆڕ لە بواری بونیاتنانی ئاشتی.
لە دەسپێکدا بریکاری وەزارەت لە وتەیەکدا دڵخۆشی خۆی دەربڕی کە زانکۆی گلازگۆ بۆ کاری هاوبەشی ئەکادیمی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردوە. بۆ ئەمەش ئاماژەی بەوە کرد وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى دونیا هەماهەنگ و هاوکارە. بۆیە ئەم دیدار و کۆبونەوانە دەستکەوتی ئەکادیمی و ئەرێنی لێدەکەوێتەوەو هیواخوازین زانکۆی گلازگۆی بەریتانیا کاری ئەکادیمی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان بکات.
لەبەرامبەردا وەفدى زانکۆى گلازگۆ ئامادەباشی زانکۆکەیان دەربڕى بۆ کاری ئەکادیمی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان و هیوایان خواست کە لەئایندەیەکی نزیکدا زانکۆی گلازگۆ و زانکۆکانی کوردستان ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی و خوێندنی باڵا لەگەڵ یەکتر بکەن تاکو ئەزمونی زیاتر لە پسپۆڕییە زانستیەکانیان پەیدا بکەن.