Skip to the content

پەیامی وەزیری خوێندنی باڵا بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان

 بەبۆنەى ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتیی مامۆستایانى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پەیامێکى بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتى:
 
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و مامۆستایانی بەڕێز و خۆشەویست...

بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییە تیکۆشەر و ماندوویینەناسەکەتان، پیرۆزباییی گەرم لە سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و یەکە بە یەکەی مامۆستایانی کوردستان دەکەم، سوپاسی گەرمتان بۆ دڵسۆزی و لە خۆبردوویی و پشوودرێژیتان دەکەم.

یەکێتیی مامۆستایان لە ماوەی شەست و یەک ساڵی ڕابردوودا خاوەنی مێژوویەکی پر لە سەروەری و خەبات و قوربانیدان و کۆڵنەدانە، لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی ڕێکخراوەکەتاندا توانیوتانە چرای ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای خەبات بن و ڕۆڵی مەزن لە جۆشدانی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بگێڕن بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.

ئێمە ڕۆڵ و کاریگەری و قوربانییەکانی یەکێتیی مامۆستایان بەرز دەنرخێنین، خۆمان بە پاڵپشتی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان دەزانین، باوەڕی تەواومان بەو ڕاستییە هەیە کە ڕیفۆرمی قوڵ و ڕاستەقینەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی زانستی لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکاندا دەبێت بە بەهێزکردنی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی مامۆستایان دەست پێ بکات، پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و پەرەپێدانی تواناکانیاندا بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەوپەڕی شکۆمەندییەوە ئەرکە زانستی و نیشتیمانییەکانی سەرشانیان جێبەجێ بکەن.

هیوامان وایە هەمومان پێکەوە تێبکۆشین بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەدیهێنانی سەرجەم داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایانی کوردستان.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

د. ئارام محەمەد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و  توێژینەوەی زانستی