Skip to the content

ئەڵمانیا پەرە بە توانا و لێهاتووى گەنجانى هەرێمى کوردستان دەدات

د.عبدالفتاح عبدالرزاق ،بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازى لە وەفدێکى ڕێکخراوى (بریگڵ)ى ئەڵمانى کرد،و گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى پەرەپێدان بە توانا و لێهاتوویی خوێندکاران و قوتابییان و گەنجانى هەرێمى کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە بەئامادەبوونى ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پەرەپێدان بە توانا و لێهاتوویی خوێندکاران و قوتابییان و گەنجانى هەرێمى کوردستان کرا، و لەو چوارچێوەیەشدا (ڕاموث) سەرۆکى ڕێکخراوى (بریگڵ)ى ئەڵمانى ڕایگەیاند : "ڕێکخراوەکەمان لە بوارى پەرەپێدان بە تواناى گەنجان کار دەکات، ئێمە هاوکار دەبین لە ڕەخساندنى دەرفەت بۆ گەنجان بۆ ئەوەى فێرى زمانى ئەڵمانى ببن، پاشان لە ئەڵمانیا هەلى تەواویان پێ دەدرێ لە کۆمپانیا و کارگە و دامەزراوە جیاکان کارى خۆیان بکەن و پەرە بە پسپۆڕییەکانیان بدەن و بۆ ماوەى سێ ساڵ لەو وڵاتە بمێننەوە، دواتریش دەتوانن بگەڕێنەوە کوردستان وەک ڕاهێنەر و مامۆستا و خاوەن کارى خۆیان خزمەت بکەن"، هەر بۆ ئەو مەبەستەش داواى لە بریکارى وەزارەت کرد هاوکار و هەماهەنگیان بن بۆ سەرخستنی پڕۆژەکەیان و دەستگیرۆیکردنى گەنجانى هەرێمى کوردستان.

بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕایگەیاند:" وەزارەتەکەمان بەرنامە و پلانى تایبەتى هەیە بۆ پەرەپێدان بە خوێندنى پیشەیی، و ئەم پڕۆژەیەى ئێوە هاوکار و هەماهەنگمان دەبێ تا پێکەوە بتوانین هاوکارى و دەرفەتى زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنین، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لێکردن و بە گرنگیەوە لە پڕۆژەکەى ڕوانى.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆى زیاتر لە بارەى چۆنیەتى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە و هەنگاوەکانى دەستپێکردن کرا، و کۆمەڵێک و بیروڕاى جیا ئاڵوگۆڕ کران، بە تایبەت لە واژۆکردنى ڕێکەوتنامەیەکى هاوبەش بۆ دیاریکردنى نەخشەڕێى پێکەوە کارکردن و بەدیهێنانى ئامانجەکان.