Skip to the content

بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى چەند پرسێکى هاوبەش، هەردوو وەزیرى خوێندنى باڵا و تەندروستى کۆبوونەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەردانى وەزارەتى تەندروستى، کرد و د. سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى، پێشوازی لێکرد و گفتوگۆیان لە بارەى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وەزارەت لە بوارى تەندروستى و پزیشکیدا کرد، بۆ ئەم مەبەستەش وا بڕیارە لە داهاتووییەکى نزیکدا یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەت بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکان ئیمزا بکرێت.

لە دیدارەکەدا کە هەریەک لە بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردوو وەزارەت ئامادەیبوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سوپاس و دەستخۆشى ئاراستەى وەزیرى تەندروستى و ستافى وەزارەت کرد بۆ هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوامیان،و ڕایگەیاند:" ئەرکى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا کار کردنە بۆ پەرەپێدانى زیاترى کوالێتى خویندن و ڕاهێنان، هەر بۆیەش زانکۆ و کۆلێژە پزیشکییەکانمان ئەرکێکى گرنگیان لەئەستۆیە کە بریتیە لە ڕاهێنان و ئامادەکردنى پزیشکانى پسپۆڕى وڵاتەکەمان".

لەبارەى هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى، وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتیکردەوە گرنگە کاربکەین بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی باشتر بۆ خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی بڕەخسێنین.

وەزیرى تەندروستى، جەختى لەسەر هەماهەنگى و هاوکارى زیاتر لەنێوان وەزارەتى تەندروستى و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردەوە، و ئاماژەی بەوە کرد توانا مرۆییەکان و ژێرخانی تایبەت بە خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی لە نێوان هەردوو وەزارەت هاوبەشن، هەم مامۆستایانی کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بەشداری کاریگەرن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هەمیش نەخۆشخانەکانی کەرتی تەندروستیش لە خزمەتی پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکیدان، هەر بۆیە پێویستمان بە هەماهەنگی زیاترە لەسەر هەردوو ئاستی خوێندنی بەکالۆریۆس و خوێندنی پسپۆڕی.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کاربکرێت بۆ ئامادەکردنى ڕەشنوسى یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەبارەی ئەو بابەتە هاوبەشانەی دەبێتە هۆکاری پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزاری تەندروستی و پێگەیاندن و ڕاهێنانی پزیشکانی هەرێمەکەمان.