Skip to the content

هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە سەبارەت بە مەترسییەکانى بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر گفتوگۆى لەبارەوە کرا

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەی ئەکادیمىیستان و مامۆستایانى زانکۆکانی هەرێمى کوردستانەوە کار دەکات بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لەنێو خوێندکاران و قوتابیان بۆ مەترسیەکانى بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر.

رۆژی دووشەممە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە د.دیندار زێبارى، ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد. 

لە دیدارێکدا هاوکارى و هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەگەڵ ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان جەختى لەسەر کرایەوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پشتیوانى خۆى دوپاتکردەوە بۆ ئەو هەوڵانەى دەدرێت لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بوارەکانی هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییان و خوێندکاران و قوتابیان لە ناوەندەکانى خوێندن سەبارەت بە مەترسییەکانى بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر و دەرکردنى ڕێنوێنى پێویست بۆ ئاگاداربوون لە کاریگەرییە نێگەتیڤەکان لەسەر خێزانەکان و کۆمەڵگا و تەواوى تاکەکان.
 
بۆ ئەم مەبەستەش هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دانانى پلانێکى تۆکمە و گشتگیر بۆ هۆشیارکردنەوەى زیاترى تاکەکانى کۆمەڵگا لەبارەى مەترسییەکانى مادەى هۆشبەر و لە نێویشیاندا هۆشیارکردنەوەى خوێندکاران و قوتابیان لە ناوەندەکانى خوێندن.