Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا و پلاندانان، پلانى مۆڵەتى خوێندن بۆ ساڵى ٢٠٢٤ تاوتوێ دەکەن

لە کۆبونەوەیەکدا هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پلاندانان، بە گرنگیان زانی کە پلانى مۆڵەتى خوێندنى فەرمانبەرانی دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەنگدانەوەى پێداویستى راستەقینەى وەزارەت و فەرمانگەکانى حکومەت بێت.

رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، کۆبونەوەى هاوبەشى وەزارەتى پلاندانان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، تایبەت بە مۆڵەتى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٤ لە نێوان لێژنەى مۆڵەتى خوێندن لە هەردوو وەزارت بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەماهەنگى لەگەڵ سەرجەم دامودەزگاکانى دیکەى حکومەتى هەرێم بکرێت، بۆ ئەوەى پلانى مۆڵەتى خوێندن رەنگدانەوەى پێداویستى حکومەت بێت و دواتر وەزارەتەکان پابەندبن بە جێبەجێ کردنى پلانەکە و گۆڕانکارى تێدا نەکرێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى رێکارەکانی ئامادەکردنى پلانى مۆڵەتى خوێندن و جێبەجێکردنى پلانەکە کرا و بۆ ئەمەش بڕیارى گونجاوی لەبارەوە درا.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا لەلایەن ستافى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاماژە بە ئامادەکارییەکانى ڕاوندى سێیەمى خوێندنى باڵا دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا کرا، بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهەمان شێوە جەختدەکاتەوە لەسەر بنەماکانى شەفافیەت و دادپەروەرى و هەلى یەکسان و رەخساندنى دەرفەتى خوێندن لەسەر بنەماى ڕەنگدانەوەى پێداویستییەکانى بازارى کار و کۆمەڵگە بۆ فێرخوازان لە هەرێمى کوردستان.