Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا بەشداری لە کۆنفرانسى (Going Global 2023) دەکات

بەبەشدارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە ئامادەبونى ژمارەیەکى بەرچاو لە وەزیرانى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى جیهان و بەرپرسان و داڕێژەرانى سیاسەتى خوێندنى باڵا لە وڵاتانى جیاجیاى دونیا، کۆنفرانسى (Going Global 2023) کە باڵاترین کۆنفرانسى زانستى تایبەتە بە پرسى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى جیهان، لە ئەدنبرەی پایتەختى سکۆتلەندا دەستى بەکارەکانى کرد.

شاندی وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و هاوڕێیەتى هەریەک لە د.ئامانج عەبدوڵا سەعید، ڕاوێژکارى وەزیر، د.شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکى زانکۆى سۆران، بەشدارى کارایان لە گفتوگۆکانی کۆنفرانسى (Going Global 2023) لە سکۆتلەندا کرد.

کۆنفرانسەکە ساڵانە لە وڵاتانی جیاجیاى دونیا بە سەرپەرشتی دامەزراوەی (British Council) ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەمساڵیش لە ئەدنبرەی پایتەختى سکۆتلەندا دەستى بەکارەکانى کردووە.

بابەتە سەرەکییەکانى کۆنفرانسەکە بریتین لە گفتوگۆکردن لەبارەی گرفت و ئاڵنگارییەکانى بەردەم خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى جیهان، بەتایبەت پرسى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام، یەکسانى دەرفەت و ئاڵنگاری و کاریگەرییەکانی گەشەکردنى تەکنەلۆجیا و زیرەکى دەستکرد لەسەر پرۆسەى خوێندنى باڵا.

هەروەها گفتوگۆکردن لەبارەی ئاراستەى خوێندنى ئەکادیمى و گۆڕینى بە ئاراستەى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى و دروستکردنى کارامەییەکان بۆ بازاڕى کار و چۆنییەتى هەماهەنگى و کارلێکردن لەگەڵ هاوبەشەکانى کەرتى تایبەت و کەرتى پیشەسازى، هەروەها پرسى خوێندن بە درێژایى ژیان و هەماهەنگى نێودەوڵەتى بۆ پەرەپێدانى خوێندنى باڵاو خزمەتکردنى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام.

لە ماوەى رۆژانى کۆنفرانسەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شاندی یاوەرى، بەشێوەیەکى کارا بەشدار بوون لە سەرجەم کۆبونەوەکانى تایبەت بە پرس و ئاڵنگارییەکانى ئایندەى خوێندنى باڵا و ئەو دەرفەتانەى کە گەشەکردنى تەکنەلۆجیا دەیرەخسێنیت، هەروەها بەشداریش بوون لە گفتوگۆکانى تایبەت بەو ئامادەکارییانەى کە دەبێت بکرێت بۆ گۆڕانکارى ڕیشەى لە ئاراستەى خوێندن بەرەو کرانەوەی زیاتری کەرتی خوێندنی باڵاو پەرەپێدانی خوێندنى تەکنیکى و وەڵامدانەوەى پێداویستى بازاڕى کارو دروستکردنى کارامەییەکان و پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى بازارى کار.

هەر لەمیانى بەشدارى بەردەوامیان لە کۆنفرانسەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ سکۆت ماکدۆناڵد، سەرۆکى دامەزراوەى بریتیش کانسڵ کۆبووەوە، لە کۆبونەوەکەدا دامەزراوەى بریتیش کانسڵ پشتیوانى خۆی بۆ هەرێمى کوردستان و چاکسازی خوێندنى باڵاى لە هەرێمی کوردستان دوپات کردەوە.

هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا پێشوازی لە مارتین هۆپ، بەرپرسى یەکەمى خوێندنى باڵا لە دامەزراوەى بریتیش کانسڵ لەسەر ئاستى جیهان. لە دیدارێکدا باس لە هەماهەنگى زیاترى نێوان دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى بەریتانیا و هەرێمى کوردستان کرا و وەزیرى خوێندنى باڵا رایگەیاند: '' ئێمە چاوەڕوانین دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى بەریتانیا هاوکارمان ببێت لە بەرنامەکانى ریفۆرمى کەرتى خوێندنى باڵا بەتایبەتى لە پرسى پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى و یارمەتیدانى توێژەرانى کوردستان و بەستنەوەیان بە توێژەرانى زانکۆکانى بەریتانیا، هەروەها پرسى دەستبەرکردنى زەمالەى خوێندن بۆ پێشکەشکرانى هەرێمى کوردستان تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆکان بوون.''

لەلایەن خۆشیەوە مارتین هۆپ، هەموو پشتیوانییەکى دامەزراوەکەیانی بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمى کوردستان و ڕیفۆرمەکانى دوپاتکردەوە.

لە پەراوێزى کۆنفرانسى (Going Global 2023)، د.ئارام محەمەد قادر، چەندین دیدار و کۆبونەوەى جیاى ئەنجامدا، بەتایبەت کۆبونەوەى لەگەڵ وەزیرى خوێندنى باڵاى کۆماری میسری عەرەبی و بەشێکى زۆرى شارەزایان و توێژەران و لێکۆڵەرانى بوارى خوێندنى باڵاو زیرەکى دەستکردو پسپۆڕانى پەرەپێدانى کارمەییەکان بۆ بازارى کار.