کۆنفرانسى پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان ئەنجام دەدرێت
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، پرۆژەی پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی خوێندن لەسەرجەم كۆلێژ و بەشەكانی زانكۆكانی هەرێمى کوردستان، یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانى وەزارەت بۆ بەرزكردنەوەی زیاترى ئاستی زانستی و ئەکادیمى بۆ ئەوەی پرۆگرامی خوێندن زیاتر ببەستینەوە بە بازاڕی كار و راشیگەیاند: ''باوەڕمان وایە خوێندن لە وڵاتى ئێمەدا پێویستە ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانى بازاڕى کارو ئاراستەی گەشەکردنى ئابووری بێت و گەنجانی وڵاتەکەمان بۆ ئەو سکیڵ و کارامەییانە ئامادەبکەین کە پێویستن بۆ بازاڕى کار.''
رۆژی سێشەممە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتىی، کۆبوونەوەى لێژنەى ئامادەکارى پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانى خوێندنى کۆلێژەکانى زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی دا کە پرۆگرامەکانی خوێندن لەبەر ڕۆشنایی رووپێوی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووری دادەڕێژینەوە، بەوهیوایەی دەرچووان باشتر ئامادە بکرێن بۆ پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار و رایگەیاند: ''لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەى پێداچوونەوەى پرۆگرامەکان یەکێک دەبێت لەو ئامانجەمان کە کارمان لەسەرى کردووە.''
لەبارەى بەستنەوەى پرۆگرامەکان بە بازاڕى کار وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: ''پڕۆسەى گۆڕانکارىی لە هەموو بوارەکاندا تەواوى جیهانى گرتووەتەوە، ئێستا زانکۆ پێشکەوتوەکان قوتابى و خوێندکار نەک بۆ بازاڕى ناوخۆیی بەتەنیا، بەڵکو بۆ بازاڕى نێودەوڵەتى ئامادە دەکەن، گرنگە ئێمەش بەسود وەرگرتن لە ئەزموونى سەرکەوتووی وڵاتان، خۆمان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ئامادە بکەین، بەشێوەیەک پرۆگرامەکانى خوێندن بونیاد بنێینەوە کە لەگەڵ پێداویستییەکانى ئەمڕۆ و داهاتووى بازاڕى کار بگونجێن.''
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکارى وەزارەت و سەرۆکى لێژنەى پێداچوونەوەى پرۆگرامەکان، کورتەیەک لەبارەى کارى لێژنە هاوبەشەکان و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى فراوانى پێداچوونەوەى پرۆگرامەکان لەسەرجەم بەشەکان خرایەڕوو. دواتریش کۆبونەوە بڕیاریدا لە نزیکترین دەرفەتدا هەنگاوەکانى بەستنى کۆنفرانسى فراوانى پێداچونەوەى پرۆگرامەکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.