Skip to the content

هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ١٠٪ - ٢٠٪ داشکێنرا

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەبارەت بە پلانى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکان لەگەڵ سەرجەم سەرۆکی زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بەگشتى و زانکۆ تایبەتەکان بە شێوەیەکى تایبەت ڕایگەیاند :"بۆ ئەمساڵیش هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو، بەڕێژەى ١٠٪-٢٠٪ کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زانکۆ تایبەتەکان لە ڕێگەی پڕۆگرامی جیاوازەوە هاوکاریی زیاتری خوێندکارانی سەرکەوتوو بکەن و نەهێڵن کرێی خوێندن لەبەردەم بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان ببێتە لەمپەر". 

سەبارەت بە پلان و ستراتیجی وەزارەت بۆ بەستنەوەى زانکۆکان بە بازاڕی کار، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند:" پرۆسەی خوێندن دەبێت ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووریی کوردستان بێت، دەبێت باشتر هەوڵ بدەین ناوەرۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە ببەستینەوە و باشتر دەرچووان ئامادە بکەین، بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کێبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن و پلانمان ئەوەیە زیاتر زانکۆکانمان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار کارلێک بکەن و بەردەوام ڕووپێویی ئەو کارامەییانە بکەین کە بۆ بازاڕی کار پێویستن، تاکوو بتوانین زیاتر سوود لە دەستی کاری ناوخۆیی وەربگرین و لە هەموو بوارەکانی کەرتی ئابووری و پیشەسازی جێگایان بکەینەوە".
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن سەرۆکى زانکۆ تایبەتەکان، چەندین پرسى پەیوەست بە کۆنمرەى وەرگرتن لە خوێندنى تایبەت و پلانى وەرگرتنى ئەمساڵ و چەند بابەتێکى پەیوەست بە زانکۆ تایبەتەکان خرانە ڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.