Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی وۆرکشۆپێک سازدەکات

بەئامانجى ئاشناکردنى زیاترى زانکۆکان بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکان بۆ بەرزکردنەوەى ڕیزبەندى زانکۆکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ تایمس هایەر ئیدوکەیشن، وۆرکشۆپێک سەبارەت بە چۆنیەتی بەستنەوەی سیستمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە ڕیزبەندیە جیهانییەکان و چۆنیەتی پەرەپێدانی ڕیزبەندی نیشتمانی بەپێی ستانداردە ناوخۆیی و جیهانیەکان بەڕێوەبرد.

لەو وۆرکشۆپەدا کە رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، د.عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى کوردستان و ستافى بەڕێوەبەرانى دڵنیایی جۆرى لە زانکۆکان ئامادەی بوون.

لە وتەیەکدا د.محەمەد حوسێن، سەرۆکى دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری بەگرنگیەوە باسى لە ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکان کرد و رایگەیاند: ''لە چوارچێوەى پلانەکانمان بۆ بە نێودەوڵەتیکردنى زانکۆکان، دەخوازین ئاستى زانستى زانکۆکان لە ڕێگەى جێبەجێکردنى کۆمەڵێک هەنگاوى زانستى پێگەیان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ڕیزبەندییەکاندا زیاتر بەرەو پێش بچێت.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکى دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری هیواى خواست ئەم وۆرکشۆپەش دەرگایەکى فراوانتر بەڕوى زانکۆکان بکاتەوە، چونکە ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا (Times Higher Education World University Rankings) کە یەکێک لە ڕیزبەندیە نێوەدەوڵەتییەکان خاوەن ئەزموونێکى دەوڵەمەندە و ساڵانە لەسەر کۆمەڵێک پێوەر و بنەماى زانستى ڕیزبەندى زانکۆکانى جیهان دەکات.

تەوەرەکانى وۆرکشۆپەکە تەرخانکرا بۆ چۆنیەتى بونیادنانی تواناى داتاکان لە ئەکادیمیای ( THE Data) کرد، بۆ ئەوەش پێداچونەوەیەکى گشتى بە خولی داتا CPD، و پرۆسێس، هێڵە کاتییەکان و دەرەنجامەکان کرد.

هەر لە وۆرکشۆپەکەدا تاوتوێى چۆنیەتى بونیادنانی چوارچێوەیەکی باشی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی ڕیزبەندییەکانى نیشتمانی و چۆنیەتى پەرەپێدانى تواناى زانکۆکان بە بونیادى دامەزراوەکان و ستراتیژییەکانی ڕیزبەندییەکان و هێڵە گشتیەکانى ڕیزبەندییەکان تاوتوێ کران.