Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى تەندروستى، کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان دەدەن

رۆژی دووشەممە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، شاندێکی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرۆکایەتى د.عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکارى وەزارەت و د.ئامانج عەبدوڵا سەعید، ڕاوێژکارى وەزیر و د.خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و ڕاگرى کۆلێجى پزیشکى زانکۆی گەرمیان، سەردانى وەزارەتى تەندروستىیان کرد و لەلایەن د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و د.رەهێڵ فەرەیدون، بریکارى وەزارەت پێشوازییان لێکرا.

لەدیدارێکدا تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتەکانى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان و لە هەمان کاتدا باس لە نەخشە ڕێگای گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە کرا.

 وەزیرى تەندروستى ئامادەیی خۆى بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان پیشاندا و هەموو ئامادەییەکى وەزارەتەکەى خستەڕوو، بەتایبەت پرسی دابینکردنی ستافی ئەکادیمی و گۆڕینی پۆڵێنبەندی نەخۆشخانەکانی گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری.

 لە بەرامبەریشدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا سوپاسى وەزارەتى تەندروستى کرد بۆ پەرۆشى و خەمخۆریان بۆ سێکتەرى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى بۆ چارەسەرکردنى گرفتى کۆلێجى پزیشکى زانکۆى گەرمیان بەرزنرخاند.

د.سامان بەرزنجی، ئامادەیى نیشاندا بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلێژەکە لەڕێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلێژى پزیشکى و دواتریش تەنسیب کردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان.

 هەروەها بڕیاردرا هەردوو وەزارەت پێکەوە هەماهەنگی بکەن بۆ گۆڕینی پۆلێنبەندی نەخۆشخانەکانی گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری بەمەبەستى راهێنان و ئەنجامدانى لایەنى پراکتیکى خوێندکاران و قوتابیانى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان.