Skip to the content

کـۆلێـژى پزیشکـى زانکـۆى گەرمیـان لە ڕێکـخراوى کۆلـێژە پزیشکییەکـانى زانکۆکـانى جیهان تۆمارکرا

دواى هەوڵەکـانى وەزارەتى خـوێندنى بـاڵا و توێژینـەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و زانکۆى گەرمیان و کۆلێژى پزیشکى، بەشێوەیەکى فەرمى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان لە ڕێکخراوى کۆلێژە پزیشکییەکانى زانکۆکانى جیهان تۆمارکرا، بەمەش کارئاسانى بۆ دەرچووانى ئەو کۆلێژە دەکرێت بۆ ئەوەى لە دواى دەرچوون درێژە بە خوێندن بدەن و بەشدارى لە پرۆگرامەکانى ڕاهێنان لە زانکۆکانى جیهاندا بکەن.

بەو بۆنەیەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی لە زانکۆى گەرمیان و کۆلێژى پزیشکى و سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایانی ئەو کۆلێژە دەکات و هیوا خوازە ئەم دەسکەوتە زانستییە گرنگە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەى کۆلێژەکە لە سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوەکانى دیکەى جیهان تۆماربکرێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پشتیوانى خۆى دوپاتدەکاتەوە بۆ دابینکردنى سەرجەم پێداویستییەکانى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان لە ڕووى  ژێرخان و توانا مرۆییەکان و پێداویستیە زانستیەکانی ئەم کۆلێژە بە هەماهەنگى لەگەڵ زانکۆى گەرمیان.