Skip to the content

کۆبونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنى ڕەشنوسى سەنتەری ڕاوێژکارى زانکۆیی بەڕێوەچوو

بەئامانجى دەوڵەمەندکردنى سەنتەری ڕاوێژکارى زانکۆیی تایبەت بە ڕێنوێنیکردنى لایەنە جیاوازەکانى قوتابیان و خوێندکاران و وانەبێژان و دەستەى بەڕێوەبردنى زانکۆ، لەلایەن دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆریى، لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەیەک بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە رۆژی دوشەممە ڕێکەوتى ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەئامادەبونى د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەچوو، د.محەمەد حوسێن، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرىی کورتەیەکى لەبارەى ڕەشنوسەکە و ئامانج و دیدگا و پەیامى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دامەزراندن و کردنەوەى سەنتەری ڕاوێژکارى زانکۆیی باسکرد.
 
، د.محەمەد حوسێن رایگەیاند: '' دەخوازین لە ڕێگەى ئەم سەنتەرەوە کێشەکان چارەسەر بکەین و پەرە بەتوانا و لێهاتوییەکان بدەین.'' و ڕونیشیکردەوە کە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە گرنگییەوە لە کردنەوەى ئەم سەنتەرە لە زانکۆکان دەڕوانێت، هەر بۆیە بەلایەوە گرنگ بوو بەر لە پەسندکردنى ڕەشنوسەکە ڕاوبۆچونى کەسانى پسپۆر لە زانکۆکان وەربگرێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند:''ئەرکى زانکۆ تەنیا خوێندن نیە، بەڵکو پەروەردەکردن و چارەسەرکردنى کێشە دەرونى و کۆمەڵایەتییەکانیش یەکێکى دیکە لە ئەرکەکانى.''
 بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ''ناکرێت هەموو کێشەکان ڕەوانەى لێژنەکانى لێکۆڵینەوە و بەرزەفت بکرێن، بەڵکو بەشێکى زۆریان پێویستیان بەچارەسەرى کۆمەڵایەتى و دەروونى و پەروەردەیی هەیە، بۆیە وەک وەزارەت بەئەرکى خۆمانی دەزانین لە ڕێگەى دامەزراندن و کردنەوەى ئەم سەنتەرانەوە لە زانکۆکان هەنگاوێک بەو ئاراستەیە بنێین.''

هەر لەو کۆبونەوەیەدا ڕاوێژکارانى وەزارەت بەخستنەڕوى دید و بۆچونەکانیان لەبارەى کار و ئەرکى سەنتەرەکان و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە جیاوازەکان و دیاریکردنى جۆرى کێشە و گرفتەکان تەوەرەکانى کۆبونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

بڕیار وایە بەسودوەرگرتن لە ڕاو و پێشنیازى ئامادەبوان و ئەزموونى وڵاتان و واقیعى هەرێمى کوردستان، ڕەشنوسەکە جارێکى دیکە دابڕژرێتەوە و پێشکەشى ئەنجومەنى وەزارەت بکرێت بۆ پەسندکردن و کردنەوەى لە زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان.